دەرباز محەمەد: بەغدا مووچەی پەرورەدەو تەندروستی بۆ هەرێم دەنێرێت

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق،  دەرباز محەمەد رایگەیاند" حکومەتی عێراق مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی هەرێم دەنێرێت و وردبینی بۆ لیستی مووچەی وەزارەتەکانی دیکەش دەکرێت".

وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی ڕاگەیاندووە، دوای تەواوبوونی وردبینی لیستی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی، موووچەی ئەو دوو وەزارەتە دەنێرێت ، داوا لە وەزارەتەکانی تری هەرێمیش دەکات لیستی موچەکانیان ڕەوانە بکەن.

ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی هەواڵی هەفتانەی خۆیدا جەختیکردەوە لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و وتی، "پابەندین بە خەرجکردنی موچەی هەرێم، هەرچەندە کێشەی زۆر هەیە لەو ژمارانەی هەرێم پێشکەشیکردووە، بەڵام کێشەکان ڕێگر نین لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

حەیدەر عەبادی باسی لەوەش کرد، هەڵبژاردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچە بۆ هەستیاری ئەو دوو وەزارەتە و گرنگی بۆ هاووڵاتیان دەگەرێتەوە، ئەوان تەنها بەم دوو وەزارەتەوە ناوەستن و مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەکەن.




PM:08:12:02/01/2018