ئێران...حزبێکی کوردی کوشتنی شەش پاسداری ڕاگەیاند

حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران بڵاویکردەوە، پێشمەرگەکانیان لە تێکهەڵچوونێکدا لە شاری پیرانشارى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ٦ پاسداریان کوشتووە.


ئێوارەى ئەمڕۆ کوردستان میدیا کە ماڵپەڕی حزبى دیموکراتى کوردستانى (حدکا)یە بڵاویکردەوە، هێزەکانى سوپاى پاسداران دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر گوندی زێوەى پیران لە پیرانشار و پێشمەرگەکانى حدکا بەرەنگاریان بوونەتەوە و لە ئەنجامدا لەو شەڕەدا ٣ پاسدار کوژراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە هێرشەدا "پێشمەرگەکانى شار، کە سەر بە حدکا"ن بەرەنگارى ئەو هێرشەى سوپاى پاسداران بوونەتەوە و بەپێى زانیارییەکانیان تەرمى ٦ پاسدارى ئەو شەڕە و ژمارەیەک بریندارى تر براونەتە نەخۆشخانەى پیرانشار.

هاوکات قەرارگەى حەمزەی سەر بە سوپاى پاسداران لە پارێزگاى ورمێ ڕایگەیاندووە، لە تێکهەڵچونێکدا لە شارى پیرانشار ٣ کەس لە هێزەکانى سوپاى پاسداران کوژراون.




PM:11:10:03/01/2018