نوسینگەی عەبادی: سازش بۆ هەرێم ناکەین

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتیدەکاتەوە کە هیچ سازشێکیان لەداواکارییەکانیان لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان کردبێت و دەڵێت "حکومەت دەیەوێت ئەوە بسەپەنێت کە هەرێمی کوردستان پێویستە جێبەجێی بکات".


ئەمڕۆ  پێنجشەممە رۆژنامەی سەباح  لەزاری سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە ''حكومەتی ناوەند هیچ مەرجێکی پێشوەختەی لە پێش ئەنجامدانی گفتوگۆ دیاری نەکردووە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم''.

حەدیسی ڕاشیگەیاندووە '' ئەو قسەو باسانەی لەبارەی کەمکردنەوەی داخوازییەکانی عێراقەوە دەکرێت، هیچ راستییەکی نییە، بەغدا دەیەوێت هەولێر پابەند بێت بە دەسور و یاساوە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ئێستا''.

هاوکات رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندووە '' هەردوولا لیژنەیەکی ٧ کەسی پێکدەهێنن کە پێنج کەسیان لە بەغدا دەبێت و دوانیان لە کورد دەبێت کە رۆڵیان پێداچوونەوەی سەرجەم ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولایە''.

ئەو سەرچاوەیەی شەرق ئەلئەوسەت راشیگەیاندووە '' لیژنەکە دەستدەکات بە پشکنینێکی وورد بۆ مەلەفە سیاسی و ئابوری و پرسەکانی تایبەت بە سنور و فرۆکەخانەکان، وە پێشبینی دەکەم بەرهەمی کارەکانیان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەرکەوێت و چارەسەری کێشەکانی هەردوولا بکات''.




AM:10:40:04/01/2018