عەبادی ناوەڕۆكی دیدارەكەی لەگەڵ سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکە ئاشكرا دەكات

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە دیدارەكەی لەگەڵ وەفدە هاوبەشەكەی گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "سەرۆك وەزیرانی عیراق دڵناییداوە لە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم".


بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ 4ی كانوونی دووەمی 2018ی نێوان حەیدەر عەبادی و وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، سەرۆك وەزیرانی عیراق دڵنایی داوە لە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و وردبینیكردنی لیستەكان لەسەر بنەمای میكانزمێكی وردو گونجاو.

نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی ئاماژەی بەوەشكردووە، وەفدە هاوبەشەكە پابەندبوونی خۆیان بە یەكپارچەیی خاكی عیراق دوپاتكردۆتەوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، وەفدی ئەو سێ لایەنە كوردییە، پیرۆزباییان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بەبۆنەی سەركەوتنی عیراق لەشەڕی داعش و ستایشی دانایی عەبادیشیان كردووە لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعش.




PM:06:42:04/01/2018