هەردوو وەزارەتی تەندروستی پەروەردەی هەرێم، راگەیاندراوێك لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بەغدا بڵاودەكەنەوە و بڕیاریشە وەفدێكی هونەری لە بەغداوە سەردانی هەرێم بكات.
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی هەردوو وەزارەتەكە، كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی كانونی دووەمی 2018، لەدیوانی وەزارەتی پلاندانانی عیراقی فیدراڵ، یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وردبینیكردنی میلاكی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆك و تەواوی ئەندامانی لیژنەكە ئەنجام درا.
لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە لەو كۆبوونەوەیەدا كە تا کاتژمێر 1ی نیوەڕۆ درێژەی هەبوو، زانیاری تەواو و وردی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەت (بەپێی سیستەمی بایۆمەتری و بە موچەی تەواو و بێ پاشەكەوت) پێشكەش بە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە كرا، لیژنەكەش بە ئەندامانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حكومەتی هەرێمیان ڕاگەیاندووە كە بە زووترین كات و لەڕێگەی لیژنەی هونەری تایبەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی چاودێری دارایی عێراق، دەست بە وردبینی لیستەكان دەكەن و دوای پێكهێنانی لیژنە فەرعییەكان، سەردانی هەرێم دەكەن بۆ دیاریكردنی چەند بابەتێك بۆ وردبینی.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە كە:
ـ كۆبوونەوەكان بەپێی پێویست و تا كۆتاییهاتنی وردبینی، بەردەوام بن.
ـ هەرێم هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەك بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی باش، دەستەبەر بكات.