وته‌بێژی فه‌رمیی حكومه‌تی عیراق دوپاتیكرده‌وه كه به‌غدا پابه‌نده به پێدانی موچه به‌فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌رێم و دەڵێت "پڕۆسه‌ی وردبینیه‌ش كه له‌لیستی ناوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا ده‌كرێت".
له‌میانی چاوپێکەوتنێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌عد حه‌دیسی، وته‌بێژی فه‌رمیی حكومه‌تی عیراق رایگه‌یاند "دوای پڕۆسه‌ی وردبینی هه‌وڵ ده‌درێت میكانیزمێكی یاسایی و ده‌ستوری بدۆزرێته‌وه بۆ گه‌یاندنی موچه به‌فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئه‌و پڕۆسه‌ی وردبینیه‌ی ده‌كرێت له ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌یه كه‌موچه دابین بكه‌ین بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ن، نه‌ك بۆ ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ی كه ڕاسته‌قینه نین و شایسته نین کە خزمه‌تی حزبی یان سیاسیان هه‌یه و له فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌تدا ده‌وام ناكه‌ن".
حه‌دیسی وتیشی" ماوه‌ی سێ ساڵه حكومه‌تی ناوه‌ندی پڕۆسه‌ی وردبینی كردن و پێداچونه‌وه‌ی به‌ناوی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و ته‌نانه‌ت حكومه‌ته خۆجێیه‌كان ده‌ست پێكردووه، له‌پڕۆسه‌ی وردبینیدا كه كاری لیژنه هونه‌رییه‌كانه دەزانرێت چەند ناوی وه‌همی یاخود ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه موچه‌یان له‌دوو وه‌زاره‌ت هه‌یه".
پێشتر سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندبوو "گه‌ر هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غداد وتی من موچه ده‌ده‌مه فه‌رمانبه‌ران و موچه خۆرانی ته‌ندروستی یا په‌روه‌رده ڕاسته‌وخۆ بێ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه به‌ڕاستی ئه‌و گه‌مه‌یه نابێت به‌هه‌ست و قوتی خه‌ڵك بكرێت".
به‌ڵام سه‌عد حه‌دیسی وتی"ئێستا باسی شێوازی گه‌یاندنی موچه به فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكه‌ین، دواجار ئێمه ده‌مانه‌وێت موچه بده‌ینه فه‌رنبه‌رانی راسته‌قینه كه كار له‌دامه‌زراوه و فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی هه‌رێمدا ده‌كه‌ن، دوای پڕۆسه‌ی وردبینیش هه‌ڵده‌ستین به دیاریكردنی شێوازی گه‌یاندنی موچه‌كان".
وتیشی "به‌ڵام ئه‌مه‌ش (شێوازی پێدان و گه‌یاندنی موچه به‌فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم) له‌ئێستادا جێی مشتومڕه ئایا بدرێته پارێزگاكان به‌ڕاسته‌وخۆ؟ یا حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی بكات بۆ دابه‌شكردنی موچه به میكانیزمێكی دیاریكراو به‌واتای په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌شێوازی ڕاسته‌وخۆ، هه‌موو ئه‌وانه له‌دوای كۆبونه‌وه و دانیشتنه ته‌كنیكیه‌كان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه كه تیمه هاوبه‌شه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن".
وته‌بێژی حكومه‌تی عیراقی له گفتوگۆكه‌دا چه‌ند جارێك وتی"له‌ئه‌نجامدا ئێمه وه‌ك حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌وڵ ده‌ده‌ین و پابه‌ندین به دابین كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌روه‌ك چۆن بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عیراق موچه بۆ فه‌رمانبه‌ران دابین ده‌كه‌ین".
حه‌دیسی وتیشی"هۆكاری پێنه‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا هۆكاری ئه‌و سیاسه‌ته تاكڕه‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بوو به‌تایبه‌ت له‌كێڵگه نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم و كه‌ركوك دوور له ویستی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بوه‌هۆی دروست بونی ئه‌و قه‌یرانانه و پێنه‌دانی موچه".
له‌باره‌ی كاتی پێدانی موچه به‌فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وته‌بێژی حكومه‌تی عیراقی وتی "وه‌ك وتم شێوازی پێدانی موچه‌كانیش داده‌نێین بۆ دوای ته‌واو بوونی پڕۆسه‌ی وردبینی هه‌وڵ ده‌درێت میكانیزمێكی یاسایی و ده‌ستوری بدۆزرێته‌وه كه گره‌نتی مافی هه‌موو ئه‌و فه‌رمانبه‌ره ڕاسته‌قینانه‌ی هه‌رێم بكات بۆ دابه‌شكردن و گه‌یشتنی موچه‌كان پێیان به‌ڵام له ئێستادا وردبینی به‌رده‌وامه و به‌ره‌و قۆناغه‌كانی كۆتایی ده‌ڕوات".