سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

وه‌فدێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی لەگەڵ ئه‌ندامانی پێشووی مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌  یه‌كێتی‌ كۆدەبنه‌وه‌. سپی ناوەرۆکەکەی بڵاودەکاتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کەرکوک و پەیوەندی نێوانیان، گفتوگۆکراوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا هاوڕابوون کە یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە یەک لیست بەشداری بکەن.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، پارتی پێی باشبووە کە هەڵبژاردن لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەڵام یەکێتی بەپاساوی نەبەستنی کۆنگرەی حیزبەکەیان و دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بۆ دوای بەستنی کۆنگرە، بەهانەیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هێناوەتەوە.

لەسەر ئەو پرسە، وەفدەکەی پارتی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە با بڕیاردان لەسەر سازدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دوابخرێت تا ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان حکومەت و پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی رێکدەخرێت. 
لەسەر پرسی کەرکوکیش یەکێتی داوای کردووە کە پارتی رەزامەندی پێشان بدات کە رزگار عەلی بکرێتە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام پارتی داوای کاندیدێکی تری لەیەکێتی کردووە، یان گەڕانەوەی د. نەجمەدین کەریم.

لەسەر مەسەلەی بەرهەم ساڵح و لیستەکەی، پارتی داوای روونکردنەوەیان لە یەکێتی کردووە، هەرچەندە لەکۆبوونەوەکەدا زۆربەی بەرپرسانی یەکێتی بێدەنگ بوون، بەڵام وەڵامەکەیان بەو شێوەیە بووە کە بەرهەم ساڵح یەکێتی نەماوەو خاوەی قەوارەی سیاسی و جیاوازی خۆیەتی.

سەبارەت بە پەیوەندی ئایندەی نێوان یەکێتی و پارتی لەو کۆبوونەوەیەدا کە یەکێتی پێی لێداگرتووە، بەڵام پارتی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە " جاریک زووە بۆ ئەو هەنگاوە".





PM:08:35:07/01/2018