وه‌زاره‌تى كار‌و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى واده‌ى وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزى بچووك به‌گه‌نجان، ئاشكرا ده‌كات و دەشڵێت "به پێى قه‌باره‌ى پڕۆژه‌كه له 1 تا 15 ملیۆن دینار قەرز دەدرێت بە هەر هاوڵاتیەک".
هه‌مزه مه‌غدید، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كار و كاورباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به میدیاکانی پارتی ڕاگه‌یاندووە "ساڵى 2017 بڕیارى ئه‌وه‌درا كه له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2018 ده‌ست بكرێت به وه‌رگرتنه‌وه‌ى قیستى ئه‌وانه‌ى قه‌رزى بچووكیان وه‌رگرتووه، به‌ڵام به پێى بڕیارێكى نوێ كه ئه‌مڕۆ ده‌رچووه، وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه بۆ 3 / 4 / 2018، دواخرا".
هاوكات به‌و بڕه قه‌رزه‌ى كه له گه‌نجان وه‌رده‌گیردرێته‌وه، به چه‌ند ڕێنماییه‌كى نوێ ده‌ست ده‌كرێته‌وه به پێدانى قه‌رزى بچووك به گه‌نجان.
ده‌رباره‌ى مه‌رجه نوێیه‌كان، مەغدید ئاشكرایكرد، ئه‌و كه‌سه‌ى كه قه‌رزه‌كه‌ى پێده‌درێت، ده‌بێت ته‌مه‌نى له‌نێوان 15 – 35 ساڵدا بێت و مووچه‌خۆرى حكوومه‌ت نه‌بێت، هه‌روه‌ها هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى دیكه‌ى نه‌بێت.
هه‌روه‌ها ئاشكراى كرد، قه‌رزه‌كه بۆ پڕۆژه‌ى بچووك له بوارى كشتوكاڵ، گه‌شتیاریی، پیشه‌سازیی و بازرگانیی، به گه‌نجان ده‌درێت و بڕه‌كه‌ى به پێى قه‌باره‌ى پڕۆژه‌كه له 1 تا 15 ملیۆن دیناره.