لە بەغداوە بڕێک پارە گەیشتە هەرێم

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پاش ئەوەی چەكی پارەی گەنمی جووتیارانی‌ هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 بڕیاری خەرجكردنی درا، ئەمڕۆ پشكی شاری دهۆك گەیشت.


زیاد حوسێن سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە‌ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، "پاش ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاری خەرجكردنی تەواوی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بۆ ‌مانگی 8ی ساڵی 2017 دا، ئەمڕۆ یەك شەممه چەكی پارەی شاری دهۆك‌ گەیشت، كە بڕەكەی 18 ملیار و400 ملیۆن دینارە".

وتیشی، "ئەو پارەیەی ئەمڕۆ گەیشت، تەواوكەری پارە نەدراوەكانی ساڵی 2017یە، كە نزیكەی 60 ملیار دینار پارەی تەواوی جووتیارانی هەرێمی كوردستانه و نەدراوه".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایشكردووە "چەكی پارەی جووتیارانی شاری هەولێر و سلێمانی-ش ڕەوانە دەكرێ، چونكە بڕیاری خەرجكردنی هەموو پارەكە دراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگات".




PM:10:10:07/01/2018