بە سەدان مووچەخۆری نایاسایی ئاشكرا دەبن


لە وەزارەتی پێشمەرگە بە سەدان كەس كە خۆیان بە كەم ئەندامی سەنگەر تۆمار كردووە بەهۆی ئەوەی كەم ئەندام نین لە لیستی مووچە لادەدرێن.

ماڵپەڕی "باس"ی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەو لە ساڵی رابردوودا لە ئەنجامی پشكنین و لێكۆڵینەوە لەگەڵ 40%ی كەم ئەندامانی سەنگەر دەكەوتووە زیاتر لە هەزار و 500 كەس كەم ئەندام نەبوونە و مووچەیان بەم ناوە وەرگرتووە و لە  60% ەكەی تری كەم ئەندامانی سەنگەر خەڵكێكی زۆر هەیە چاوەڕوان دەكرێت لە پشكنین دەرنەچن.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە زانیاریەكان پشتراستكردەوە و وتی: لە كۆی پشكنین بۆ 3هەزار كەم ئەندامی سەنگەر دەركەوتووە هەزار و 500 كەس كەم ئەندام نەبوونە و پلەی كەم ئەندامیان نەبووە یان ئەو كەم ئەندامیەی تۆماریان كردووە دروست نەبووە بۆیە پلەی كەم ئەنامیان لێوەرگیراوەتەوە.

روونیكردەوە نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە سەبارەت بە بڕینی مووچەی ئەو كەسانە, گوتیشی: لیژنەی پزیشكی بۆ دووبارە پشكنینەوەی كەم ئەندامانی سەنگەر لە ساڵی 2017وە دەستی بە كاركردووە و بەردەوام دەبێت تاوەكو هەموو كارەكانی تەواو دەبێت، تەنها ئەو 3 هەزار كەسە ناگرێتەوە بەڵكو بەردەوام  دەبێت.

ئەو كەسانە  بەپێی یاسای كه‌م ئه‌ندامانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌نگه‌ری  ژماره‌ 34 ی ساڵی 2007  خانه‌نشین كراون.

یاوەر ئاشكراشی كرد 8  هەزار و 500 كەم ئەندامی پێشمەرگە مووچەی  خانەنشینیان هەیە و پڕۆسەی چاكسازی هەموو ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە بەم ناوە مووچەیان هەیە.

مووچەی ئەو كەسانە بەپێی رێژەی كەم ئەندمیان جیاوازی هەیە  وەكو یەك نیە، بەڵام كەمترینیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیان لە سەرووی ملیۆنێك و 200 هەزار دینارە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: ئەو هەزار و 500 كەسەی دەركەوتووە كەم ئەندام نین، خەمڵاندمان بۆ كردووە دەركەوتووە مانگانە 670 ملیۆن دینار بەم هۆیەوە بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.

ئەو هەزار و 500 كەسە ساڵانە زیانی زیاتر لە  8 ملیار دیناریان لە بودجەی گشتی داوە.

جەبار  یاوەر دووپاتیكردەوە ماوەی ساڵێكە لیژنە پزیشكیە پسپۆڕەكە بۆ ئەو مەبەستە دامەزاوە و كارەكانی بەو پەڕی دادپەروەری ئەنجام دەدات.

خالس قادر بەرێوەبەری  گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی راگەیاند ئەوان لە وەزارەتی  تەندروستی ئاگاداری لیژنەی  پزیشكین كە بۆ ئەو مەبەستە پێكهاتووە،بەڵام جەختی كردەوە  بەرپرسیاریەتیەكە دەكەوێـتە ئەستۆی خۆیان  و پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە.

عومەر  كۆچەر سەرۆكی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند لە لێكۆڵینەوە لە مووچەی  پەككەوتوانی سەنگەر كراوە و دەركەوتووە بە سەدان  كەس شایستە نەبوونە و مووچەیان پێدراوە.

وتیشی "لیژنە لەسەر  مووچەی  8 هەزار كەس پێكهاتووە لەو كەسانە  لە كۆی  3 هەزار پشكنین دەركەوتووە 900 كەسیان پەككەوتە نینە و دۆسیەكانیان نادروستە و تەنها بۆ مووچە وەرگرتن تۆماركراون".

روونی كردەوە پارەیەكی زۆر بەم  هۆكارە لە بودجەی گشتی بەفیرۆدراوە.




PM:04:40:09/01/2018