زانیاری وردو زیاتر لەسەر بوومەلەرزەکانی ئەمڕۆ

چەند بومەلەرزەیەک بە پلەی جیایا سنوری نێوان هەرێم و خۆرهەڵاتی کوردستانیان هەژاند و لە گەرمیان و سلێمانی و هەولێر بەتەواوی هەستیان پێکرا.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد بەشێک لەو بومەلەرزانە بە گوڕی ٥.٦ و ٥.٢ و ٥.٤ و ٥.٣ پلە بە پێوەری ڕێختەر بوون.

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " بومەلەرزەی یەکەم کاتژمێر ٩:٥٩ خولەک ڕوویداوە و قوڵاییەکەی هەشت کیلۆمەتر بووە، بومەلەرزەی دووەم کاتژمێر ١٠:٠٩ خولەک ڕوویداوە و قوڵاییەکەی ١٠ کیلۆمەتر بووە، ئەوەی سێهەم ١٠:١٤ خولەک ڕوویداوە بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر، بومەلەرزەی چوارەمیش کاتژمێر ١٠:٥٢ خولەک ڕوویداوە".

فازل ئیبراهیم وتیشی" سەرجەم بومەلەرزەکان چەقەکانیان لە خۆرهەڵاتی کورستان بووە، ئەوەی یەکەمیان کە بەهێزترین بوو ١٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری تۆمارکرددنی بومەلەرزەی شاری سلێمانییەوە دوور بووە.
هاوکات بە وتەی کەشناسی هەرێم، بەهێزترینیان ئەوەی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بوو کە گیانلەدەستدان و زیانی مادی لێکەوتەوە.
لەو دەمەشەوە زیاتر لە ٥٠٠ بومەلەرزە لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە و پلەی سەرجەم بومەلەرزەکان لەنێوان ٢ بۆ ٤.٥ پلەی ڕێختەر بوون.





AM:11:28:11/01/2018