شەڕێكی سەخت لە عەفرین دەستی پێكرد

لە باكور و باكوری ڕۆژئاوای شاری عەفرین شەڕێكی سەخت لەنێوان شەڕڤانان لەلایەك و سوپای تورك و سوپای ئازاد لەلایەكی دیكەوە بەردەوامە و ژمارەیەك سەربازی تورك و گرووپەكانی نزیك لەو وڵاتە كوژراون.

میدیاكانی نزیك لە پەیەدە بڵاویانكردەوە لە بەیانی ئەمڕۆوە لە باكور و باكوری ڕۆژئاوای شاری عەفرین كە هاوسنوورە لەگەڵ توركیا شەڕێكی سەخت دەستی پێكردووە و هێزە كوردیەكان توانیویانە دوو گوند  لە ناحیەی "راجۆ" كە پێشتر كەتبوووە دەستی توركیا كۆنتڕۆڵ بكەنەوە و لە بۆسەیەكدا زیاتر لە 20 سەربازی توركیا و گرووپە ئیسلامیەكان بكوژن.

هاوكات لە دەوروبەری گوندی حەمامی سەربە شارۆچكەی جندرێسی كانتۆنی عەفرین، شەڕێكی لە نێوان شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی سوپای توركدا ڕوویداوە و شەڕەكە بە سەختی لە كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵەدا بەردەوامە و هیچ زانیاریەكیش لە بارەی ئەنجامەكانی ئەو شەڕەوە ڕانەگەیەندراوە.

هاوكات بەگوێرەی زانیاریەكانی "سپی میدیا" تا ئێستا لەكۆی 360 گوندی دەوروبەری عەفرین تەنیا 12 گوند لەلایەن توركیا و گرووپە چەكدارەكانەوە كۆنڕۆڵكراوە و لە بەرامبەردا یەپەگە هێرشی پێچەوانە ئەنجام دەدات و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو گوندانەش دەدات.









PM:12:55:23/01/2018