ئایدن مەعروف، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی بەناوی توركمانەكانەوە پشتیوانی بۆ هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كانتۆنی عەفرین دەربڕی.
ئایدن مەعروف، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو بەرەیە لە پەرلەمانی كوردستان بە ئاژانسی "یەنی شەفەق"ی راگەیاندووە" ئێمە پشتگیری ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە دژی عەفرین دەكەین بۆ ئەوەی گروپە تیرۆرستیەكانی ئەو ناوچەیە لەناوببرێت و مافی خۆیشیانە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان جەختیشكردەوە" ئەم ئۆپەراسیۆنە لە دژی برا كوردەكانمان و دانیشتوانی ناوچەكە نییە ".
ئاماژەی بەوەشكردووە " ئێمە وەك توركمانەكانی عێراق وەك هەمیشە پیشتگیری لە دەوڵەتی توركیا دەكەین بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایش برایەتی بگەرێتەوە بۆ رابردوو".
ناوبرا لەبارەی پەیەدە و پەكەكە وتی " ئەوان گروپێكی تیرۆرستین و دەبێت لەو ناوچەیە بكرێنەدەرەوە و هاوكات باسی لەوەشكرد كە پێویستە لە سنجاریش ئۆپەراسیۆنێكی هاوشێوەی عەفرین ئەنجام بدرێت لە نێوان توركیا و هەرێمدا بۆ دەكردنی ئەو گروپانە ".