هەسەدە کوژرانی ۱٦ سەربازی تورکی ڕاگەیاند

هەسەدە کوژرانی ١٦ سەرباز و چەکداری سەر بە تورکیای لە شەڕەکانی دوێنێدا ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کوژرانی ١٦ سەربازی سوپای تورک و چەکدارەکانی سەربە تورکیا، هەروەها برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لەو هێزانەی لە ئەنجامی شەڕەکانی دوێنێدا ڕاگەیاند.

هەسەدە ڕایگەیاند: هێزەکانمان دوێنێ لە سەر ڕێگای ڤیلا چەلەبی سەربە عەزاز چالاکییەکیان لە دژی چەکدارەکانی سەربە سوپای تورک ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا نۆ چەکدار کوژران و شەش چەکداری تریش برینداربوون.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپای تورک دوێنێ بە بەردەوامی تۆپیان هاویشتووەتە سەر ناوەندی شارۆچکەی جندرێس، لە شێراوا لە نێوان هێزەکانمان و هێرشکەرەکاندا شەڕێک ڕوویدا، لەو شەڕەشدا سێ چەکدار کوژران، هەروەها لە سەر گردی قودە-ش هێرشێکی سەر گردەکە لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکشکێندرا.

لە کۆتاییدا هەسەدە ڕایگەیاند: لە دەوروبەری گوندی خەلیل ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورک تێکشکێندرا، لەوێش چوار چەکدار کوژران، لە نزیک گوندی هربلیش ئۆتۆمبێلێکی دیکەی سوپای تورک تێکشکێندرا و لە ئەنجامیدا ژمارەیەک سەرباز و چەکداری سەربە تورکیا کوژران.




PM:01:55:25/01/2018