هێرشێكی دیكەی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەیەكی سەر بە كانتۆنی عەفرین تێكشكێنرا و ژمارەیەك سەربازی تورك و گروپە گرێدراوەكانی كوژران.
ئەمڕۆ یەك شەممە لە راگەیەنراوێكدا ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات "قەسەدە" ئاماژەی بەوەكردووە "بەیانی ئەمڕۆ سوپای تورك هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر گردی قەستەل جندۆی سەربە شارۆچكەی شەرا دەستپێكرد، هێزەكانمان رووبەڕوویان بوونەوە و پاشان شەڕ روویدا، ئەو شەڕە چەند كاتژمێرێكی خایاند، لە ئەنجامدا شەڕڤانان هێرشی سوپای تورك و چەتەكانیان تێكشكاند".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا گورزی كوشندە لە هێزەكانی سوپای تورك و چەتەكانی درا، ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژرا و برینداربوو، بەڵام بە وردی ژمارەیان نەزانرا، لە پاش تێكشكاندنی ئەو هێرشەدا، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای تورك گردی قەستەل جندۆیان بۆردومان كرد، هەروەها سوپای تورك گوندی قودەی سەربە شارۆچكەی راجۆشیان بۆردومان كرد".
رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەمی 2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كوژراون و برینداربوون.