لە چەند ناوچەیەكی عەفرین شەڕی سەخت بەردەوامە

هێرشی توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی بۆ سەر عەفرین بەردەوامە و فڕۆكە جەنگییەكان بە چڕی بۆردمانی ئەو شارە دەكەن.

رامی عەبدوڕەحمان، سەرۆكی ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند، فڕۆكەكانی توركیا بۆردمانەكانیان لەسەر ناوچەكانی عەفرین چڕكردووەتەوە و بە دیاریكراویش لە شارەدێی راجۆ و جندێرس بۆردمان ئەنجام دەدەن، كە دەكەوێتە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای شاری عەفرین، بەتایبەت "هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانانی باس لەوە دەكەن، شارەدێی راجۆ و جندێرسیان كۆنتڕۆڵ كردووە، بەڵام شەڕی سەخت لەو دوو شارەدێیە بەردەوامی هەیە".

برووسك حەسەكە، وتەبێژی فەرمی یەپەگە لە عەفرین بۆ "فرانس پرێس" ئاشكرای كرد، لە بەیانییەوە فڕۆكەكانی توركیا لە بۆردمانی ناوچەكان نەوەستاون، هاوكات لە شارەدێی جندێرسیش شەڕی تەواو قورس بەردەوامی هەیە.

پەیامنێری فرانس پرێس دەڵێ، بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا چڕن و ڕەچاوی هیچ لایەنێكی مرۆیی و ژێرخانی ناوچەكە ناكەن، شەڕەكەیش ڕۆژ دوای ڕۆژ قورستر دەبێ و هەوڵەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی چڕتر دەكرێنەوە.

سەرچاوەكانی هەواڵ ئەوە دووپات دەكەنەوە، بەرخۆدانی و بەرگری شەڕڤانان و تاكتیكی جەنگییان تا ئێستا ڕێگر بووە لە پێشڕەوییەكانی سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی بۆ داگیركردنی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەرگرییەكی سەخت لەلایەن شەڕڤانانەوە دەكرێ و كەشوهەوای ناوچەكەیش لە بەرژەوەندیی شەڕڤانانە و توركیا لە زستان ئەو هەڵمەتەی دەست پێ كردووە، ئەمەیش سەربازانی بە تەواوی شەكەت دەكات.

بەگوێرەی داتای ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، تا ئێستا لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 67 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەست داوە و 20 منداڵ لە ناو ئەو ژمارەیەی خەڵكی سڤیل بوونیان هەیە، ئەوان باس لەوە دەكەن 85 شەڕڤانیش شەهید بوون، جیا لەوە 81 چەكداری هێزەكانی هاوپەیمانی توركیا كوژراون و ژمارەیەكی زۆری سەربازی توركیایش هاتوونەتە كوشتن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەمی 2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كوژراون و برینداربوون.




AM:11:26:31/01/2018