تورکیا بە ١١ رۆژ تەنها لە ٣% خاکی عفرینی داگیرکردووە

ڕوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند" سەرەڕای بۆردومان و هێرشی بەردەوام لە ١١ ڕۆژی ڕابردوو، سوپای تورکیا تەنها لە ٣% خاکی عەفرینی داگیرکردووە".

ڕوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ کە سەرچاوەیەکی سەربەخۆی هەواڵە و زۆرێک لە ناوەندی جیهانییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و هەواڵی لێوەردەگرن، بلاویکردەوە" شەڕ و پێکدادانەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی عەفرینەوە دەستیپێکردووە و تا باشوور درێژبووەتەوە، ئەو شەڕە ناوچەکانی رەسایا و قەستڵ و ناحیەی بەلبە و چەند ناوچەیەکی تری هاوسنووری لەگەڵ ناوچەی ژێردەستی گروپە چەکدارە ئیسلامییەکان گرتووەتەوە".

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات " لە ١١ ڕۆژی شەڕی عەفرین، قوربانی گەورە لە ڕیزی هەردوولایەنی شەڕکەر کەوتووەتەوە، شەهیدانی شەڕڤانان گەیشتووەتە ٩١ کەس، ٨٥ چەکداری گروپە ئیسلامییەکانیش کوژراون، لەگەڵ کوژرانی ٩ سەربازی تورکیا، کە تائیستا چوار لە تەرمی ئەو سەربازانە لەدەستی شەڕڤاناندایە".

لەبارەی زیانی گیانی لە ڕیزی هاووڵاتیانی مەدەنیش، ئاماژەی بەوە کردووە، لە دەستپێکی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکان، ٦٧ هاووڵاتی شەهید بوون، ٢٠ یان منداڵن و ١٢ شەهیدیشیان ئافرەتن.

سەبارەت بەو ڕووبەرەی تائێستا لەلایەن تورکیا و گروپە ئیسلامییەکان دەستی بەسەردا گیراوە دەڵێت" ١١ گوندیان لە جەبەل رەسایا گرتووە، لە کۆی ٣٥٠ گوندی عەفرین، کە دەکاتە لە سەدا سێ".

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی ئەو ١١ ڕۆژەدا تورکیا سەدان بۆردومانی ئاسمانی ئەنجامداوە کە زیانێکی زۆریان هەبووە و چەندین دامەزراوەی ستراتیژییان لەکارخستووە یان زیانیان پێگەیاندووە.

هەروەها باسی لە بەنداوی ١٧ی نیسان کردووە و دەڵێت، ئەگەر لەلایەن تورکیاوە بکرێتە ئامانج، بەشێکی زۆر لە خاکی عەفرین دادەپۆشێت.




PM:04:34:31/01/2018