حكومەتی هەرێم دوایین زانیاری لەبارەی موچەوە ئاشكرادەكات

حكومەتی ھەرێم زانیاری لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی لەبەغداوە ڕەوانەی ھەولێر كراوە، ئاشكرادەكات و وتەبێژی حكومەتیش ڕایدەگەیەنێت، "عیراق جدی نییە لەپێدانی موچەی فەرمانبەران و زیاتر یاری بەھەستی خەڵك دەكات".

سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی ھەرێم لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاندوە، "تائێستا لیژنەكانی بەغدا وردبینی لەلیستی موچەخۆرانی ھەرێم دەكەن و ئێمەشیان ئاگادارنەكردۆتەوە ئەگەر تێبینیەكیان ھەبێت یان كارەكانیان كۆتاییھاتوە، ھەموو ئامارەكانیشیان پێدراوە".

سەبارەت بەناردنی بڕی 250ملیار دینار لەبەغداوە بۆ ھەرێم، سەفین دزەیی ڕایگەیاند "بەفەرمی و نافەرمیش ئاگادارنەكراوینەتەوە بەمەبەستی تەرخانكردنی بڕە پارەیەك بۆ پێدانی موچەی ھەر وەزارەتێك، تەنھا ئەوەی ئاگادارین دوای ئەوەی بڕیاری مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكانی ھەرێم ھەڵوەشایەوە بانكی ناوەندی بڕی (250) ملیار دیناری بۆ لقی خۆی كە لەھەولێرە ناردوە، بەڵام بۆ موچەخۆران نییە".

ووتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەوەی خستۆتەڕوو "حكومەتی ھەرێم ناتوانێت ھیچ جۆرە مامەڵەیەك بەو بڕە پارەیەوە بكات، لەبەرئەوەی لەژێر دەسەڵاتی لقی بانكی ناوەندیە لەھەولێر تەنھا كاتێك دەتوانێت مامەڵەی پێوەبكات كە بانكی ناوەندی ئەو بڕە پارەیە بگوازێتەوە سەر حسابی حكومەتی ھەرێم".

سەبارەت بەناردنی موچە، وتەبێژەكەی حكومەت دەڵێت "ڕەنگە ھەندێك كێشە ھەبوبێت لەسەر ناوەكان بەتایبەت پێش بایۆمەتری، بەڵام بەغدا بۆ دڵنیایی خۆی وەفدێكی لەبەغداوە ناردوە كە بەشێوەی مەیدانی دەچونە خوێندنگەو بنكەی تەندروستی، بۆیان دەركەوت كە ناوەكانی ئەو شوێنانە تەواون و گرفتیان تێدانییە".

سەفین دزەیی پێشیوایە حكومەتی عیراق جدی نییە لەناردنی موچە و دەڵێت "ئەوەی دەبینرێت زیاتر یاریكردنە بەھەستی خەڵك نەك جدیەت بون لەپێدانی موچە".

ڕاشیگەیاندووە "نامانەوێت كۆتایی بەو گفتوگۆیانە بھێنین و بگەینە بنبەست، بەپێچەوانەوە ھەرێم لەسەرەتای ئەو ئاڵۆزیانەوە داوای گفتوگۆی كردوە تا كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەردەبێت، ھەركات بەغدا بەفەرمی خۆی بڕیاریدا موچە دەنێرێت یا نا، ئەوكات ئێمە ھەڵوێستی خۆمان دەبێت".



AM:10:05:06/02/2018