شەڕڤانان سێ گوندیان لەدەست سوپاى تورکیا و چەکداران ڕزگارکردەوە

هاوسەرۆکى کانتۆنى عەفرین ڕایگەیاند، شەڕڤانان ٣ گوندیان لەدەست سوپاى تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانى ڕزگاکردووەتەوە، ڕاشیگەیاند، سێ ڕۆژە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان کەمبووەتەوە.


هێڤى مستەفا، هاوسەرۆکى کانتۆنى عەفرین بە ئاژانسى هەواڵى سپوتنیکى ڕاگەیاندووە، لە زۆرێک لە ناوچەکانى عەفرین، بەتایبەتى لە ناوچەکانى شەرۆ، جندرێس، حەمام و شییە شەڕ بەردەوامیى هەیە و وتیشی "شەڕڤانان گوندەکانى حەمام، خۆرز و خەلیلیان لەدەست سوپاى تورکیا و چەکدارەکانى داعش ڕزگارکردووەتەوە".

هێڤى مستەفا ئەوەشى وتوە، ماوەى سێ ڕۆژە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆسەر ناوچە مەدەنییەکان کەمبووەتەوە، بەڵام تۆپخانە و تانکەکانى تورکیا بەردەوامن لە تۆپبارانکردنى ناوچە مەدەنییەکانى عەفرین.

باسى ئەوەشی کردووە، بەهۆى بۆردومان و تۆپبارانەکانى تورکیاوە زیاتر لە ١٤٠ هاووڵاتیى عەفرین شەهیدبوون و ئەو شەهیدانەش لە مەراسیمێکى جەماوەریدا بەخاکدەسپێردرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە 20ی كانوونی دووەمی 2018وە سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژراون و برینداربوون.




PM:07:14:07/02/2018