دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عیراق، مەرجی كاركردنی هێڵەكانی نۆرماڵ لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و تەئكید دەكاتەوە كە دەبێت هەموو كۆمپانیاكانی پەیوەندی مۆڵەت لە بەغدا وەربگرن.
سەلیم ڕەسوڵ، وتەبێژی دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عیراق ڕایگەیاندوە "بەهۆی وەرنەگرتنی مۆڵەتی ڕەسمی لە بەغدا، بڕیاردراوە هێڵەكانی نۆرماڵ لە هەرێمی كوردستان رابگیرێن، چونكە هەموو كۆمپانیاكانی پەیوەندی لە عیراقو هەرێمی كوردستان دەزانن، كە دەبێت لەلایەن دەستەكەیانەوە مۆڵەتیان پێبدرێت، بەڵام كۆمپانیاكانی پەیوەندی لە هەرێمی كوردستان ئەو بابەتەیان بە هەند وەرنەگرتووەو بە نایاسایی كاریانكردوە".
جەخت لەوەش دەکاتەوە كە پێویستە كۆمپانیاكانی پەیوەندی لە هەرێمی كوردستان سەردانی دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عیراق بكەنو مۆڵەتیان لێوەربگرن، ئەوكات دەتوانن كاری خۆیان بكەن.
لای خۆشیەوە كاروان ڕەزا بەڕێوەبەری گشتی پۆستەو گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم ڕایگەیاندوە: بۆ چارەسەركردنی كێشەی هێڵەكانی نۆرماڵ، نوسراوی ڕەسمیان ئاراستەی دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عیراق كردوەو چاوەڕوانی وەڵامی ڕەسمی دەكەن، ئەگەر وەڵامیشیان نەدرێتەوە، ئەوا ناچار دەبن پەنا ببەنەبەر دادگاو سكاڵا لەسەر دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عیراق تۆمار بكەن.