یەکێتی لەبارەی ڕووداوەکەی خانەقینەوە بێدەنگی شکاند

مەڵبەندی هەشتی یەكێتی لە خانەقین، لەبارەی رووداوەكەی شەوی رابردووی قەزاكەوە بێدەنگی دەشكێنێت و داوای دەستگیر كردنی تەقەكەرەکان دەكات.


لە ڕاگەیەنراوێکدا مەڵبەندی یەكێتی لە خانەقین كە ڕایگەیاندووە "ئەم جۆرە رووداوانە بەڕوونی پێمان دەڵێن، كە لەقۆناغێكی واهەستیاردا پێویستە لایەنە كوردستانیەكان كێشمەكێشە سیاسیەكانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان بەلاوە بنێن، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و بەتایبەت ناوچە دابـڕێندراوەكان نەبنە سوتەمەنی بەرژەوەندیە سیاسیەكان".


دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوێك لەمەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقینەوە

شەوی رابردوو، لەهەوڵێكی تیرۆرستی دا  لەگەڕەكی بەختیاری شاری خانەقین، لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە هێرشكراوەتە سەر ژمارەیەك گەنجی خوێن گەرمی عەشیرەتی زەڕگۆش و بەو هۆیەوە حەوت شەهیدو سێ برینداری لێكەوتەوە.

وەكو مەڵبەندی خانەقینی "ی.ن.ك" بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستیە دەكەین، بەهەموو شێوەیەك لەهەوڵەكانی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی ژیانی پێكەوەیی ئاینی و نەتەوەیی و ئارامی ناوچەكەو بەدیهێنانی ئاشتی وسەقامگیری لەشاری خانەقین.

ئەم جۆرە رووداوانە بەڕوونی پێمان دەڵێن، كە لەقۆناغێكی واهەستیاردا پێویستە لایەنە كوردستانیەكان كێشمەكێشە سیاسیەكانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان بەلاوە بنێن، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و بەتایبەت ناوچە دابـڕێندراوەكان نەبنە سوتەمەنی بەرژەوەندیە سیاسیەكان.

لەهەمان كاتیشدا پێویستە حكومەتی عیراق بێتە پێشەوەو ئاوڕێكی جدی لەكێشەكان بداتەوە، چونكە ناوچەكە لەسەر ئاگرێكی هێواشە رۆژ بەرۆژ گەرم دەبێت،ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە ،بێگومان سەرەپای  ئەم وڵاتە بەخۆیەوە دەسوتێنێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەكان و دەسەڵاتدارانی بەغدا بەجدی بیر لەچارەسەرەكردنی كێشە سیاسیەكانی ئەم وڵاتە بكەنەوەو ژیانێكی شایستەتر بۆ خەڵكی دابین بكەن.

لەكۆتاییدا، پرسە و سەرەخۆشی  لە كەسوكاری شەهیدەكان و عەشیرەتی زەڕگۆش و خۆمان دەكەین، تەواوی هەوڵەكانی خۆمان بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی شارەكەو رێگەگرتن لەدووبارەی بوونەوەی هەوڵی لەو شێوەیە دەخەینەگەرو پێویستە دەزگا ئەمنیەكان تاوانباران دەستگیربكەن و بەسزای یاسایی خۆیانیان بگەیەنن.

مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقینی"ی.ن.ك"

9-2-2018




PM:02:29:09/02/2018