هۆشداری لەبارەی خراپی دۆخی پێشمەرگەوە دەدرێت

فەرماندەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای٣و٧ی تایبەت هۆشداری لە خراپی دۆخی پێشمەرگە دەدات و بەرپرسانی حكومەت ئاگادار دەكاتەوە كە "باردودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە ناسەقامگیرە".

لیوا ئەیوب یوسف سعید، فەرماندەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای٣و٧ی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە لە ئاگادارینامەیەكدا كە ئاڕاستەی هەریەكە لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری كردووە ڕایدەگەیەنێت " باردودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە ناسەقامگیرە و بە دۆخێكی خراپ و نالەباردا گوزەر دەكەن و گەیشتۆتە راددەیەك كە جێگای قبوڵكردن نەبێ".

ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە هۆشداریدا لەوە "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی سیاسی و ئەو لایەنانەی لەم دۆخە بەرپرسیارن بە فەرمی نەیەنە سەر خەت و موچەی پێشمەرگە لە نزیكترین كاتدا دابین نەكەن ئەوا ئێمە هەلوێستی جدییمان ئەبێت رێگری لە هاتوچۆكردنی هەموو ئەو تانكەرانە ئەكەین كە نەوت و ماددە كانزاییكان ئەگوازنەوە و دەستیان بەسەردا ئەگرین و دڵنیاشتا ئەكەینەوە كە لە تواناماندا هەیە ئەنجامی بەین".

ئاگاداری 
بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری ..وەك دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای٣و٧ی تایبەت بە فەرمی ئاگادارتان دەكەینەوە كە باردودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە ناسەقامگیرە و بە دۆخێكی خراپ و نالەباردا گوزەر دەكەن و گەیشتۆتە راددەیەك كە جێگای قبوڵكردن نەبێ ..

پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی و ئارامییە و بە خوێنی گەش و ئاڵی خۆیان ئەم نیشتیمانەیان لە دەستی داگیركەران و دوژمنانیان پاراستووە و قوربانی گەورەیان داوە بۆ ئەم خاكە .لە ئێستاشدا برینی موچە و قوتی هێزەكانی پێشمەرگە كە مافی رەوای خۆیانە و ئەبوایە جیاواز لە هەموو چینەكانی تری كۆمەڵگا خزمەت بە پێشمەرگە بكرایە و ژیانیان بۆ دابین بكرایە نەك مافەكانی خۆشیان لێ زەوت بكرێت .

پێشمەرگە نابێ و ناكرێ باجی هەڵە و سیاسەتی چەوت بدات چونكە لە هەموو دۆخێكدا وەك هێزی پارێزەرو داكۆكیكار لە مەیداندا بوین و بێ وچان خزمەتمان كردووە ..

لێرەوە هەمووان ئاگادار دەكەینەوە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی سیاسی و ئەو لایەنانەی لەم دۆخە بەرپرسیارن بە فەرمی نەیەنە سەر خەت و موچەی پێشمەرگە لە نزیكترین كاتدا دابین نەكەن ئەوا ئێمە هەلوێستی جدییمان ئەبێت رێگری لە هاتوچۆكردنی هەموو ئەو تانكەرانە ئەكەین كە نەوت و ماددە كانزاییكان ئەگوازنەوە و دەستیان بەسەردا ئەگرین و دڵنیاشتا ئەكەینەوە كە لە تواناماندا هەیە ئەنجامی بەین ..

هەروەها داوا لە هەموو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین بێ جیاوازی هەڵوێست وەرگرن و پشتیوانمانبن و بێنە سەر خەت لەسەر ئەم باسە رەوایە ..

دڵسۆزتان 
لیوا/ ئەیوب یوسف سعید 
فەرماندەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای٣و٧ی تایبەت




PM:02:06:11/02/2018