كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت ئەم دوو تۆڕە دەگرێتەوە
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت، جگە لە هەردوو كۆمپانیای ئاسیاو كۆڕەك، كۆمپانیاكانی تری ئینتەرنێتی هەرێم ناگرێتەوە.
ئومێد ساڵح محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بە "دواڕۆژ"ی راگەیاندووە "بەهۆی ئەوەی تەنیا كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ و كۆڕەك تیلیكۆم مۆڵەتیان لە بەغدا وەرگرتووە، بۆیە بڕیارەكە تەنیا ئەو دوو كۆمپانیایە دەگرێتەوە".
رونیشیكردەوە كە كۆمپانیاكانی تری ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووەو مۆڵەتیان لەبەغدا نییە، بۆیە بڕیارەكە هەرێم ناگرێتەوە.
ئومێد ساڵح، ئاماژەی بەوەشكرد حكومەتی هەرێم لە دوو ساڵی رابردوو چەند جارێك نرخی ئینتەرنێتی داشكاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی شوباتی 2018، وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، نرخی ئینتەرنێت بە رێژەی 50% كەمدەكاتەوە.
PM:08:28:21/02/2018