وەزیری پەروەردە دوایین زانیاری لەبارەی موچەوە ئاشکرادەکات

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جددی نییە و ئەگەر مووچەش بنێرێت، تا هەڵبژاردنەکان تەنیا یەک مووچە دەنێرێت.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیشە بە وەکالەت، لەمیانی کردنەوەی کەنیسەیەک لە شارۆچکەی عەنکاوە، سەبارەت بە داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "هەوڵی جدیمان داوە بۆ دۆخی مامۆستایانی سلێمانی و هەموو مامۆستایانی کوردستان، ئێمە لەگەڵ مافەکانیان داین، هیوامان هەیە ئەو دۆخە چارەسەر دەکرێت، پێموایە لە سلێمانی پرۆسەی خوێندن دەست پێ بکاتەوە و لەم یەک دوو ڕۆژەشدا پارەی هاندانی مامۆستایان دابەش دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد کە چاکسازییەکانی حکوومەت بەردەوامە و هەفتەی ڕابردووش پەرلەمان بڕیاری لەبارەی ژمارەیەک چاکسازی داوە کە حکوومەت پێشنیازی کردبوو. وتیشی "دوای گرتنی کەرکووک زیاتر ئەو گرفتانە دروست بوون، چونکە داهاتەکان کەمیان کردەوە".

لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، پشتیوان سادق ئاشکرایکرد "لەگەڵ بەغدا خەریکین بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتن هەبێت. بە گشتی داتابەیس لە هەرێمی کوردستان بە ڕێکی ڕۆشتووە، لەوانەیە هەندێک کەموکوڕی هەبێ، بەڵام بەو جۆرە نییە کە بانگەشە دەکرێ، گوایە ناوی وەهمی هەبێت، زۆرتر کات کوشتن هەیە و نیەتی جددی نابینرێ".

جەختیشی لەوە کردەوە کە ماوەی سێ مانگە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرقاڵی وردبینیکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانن وتیشی لەوانەیە تا هەڵبژاردنەکان ئەگەر مووچەیەک بدەن یان نا، دەیگەیەننە مانگی 5، دوای ئەوەش حکوومەتی نوێی عێراق دێت".




PM:08:07:25/02/2018