بانكی كوردستان بەڵێن بەبانكی ناوەندی عێراق دەدات زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری كەركوك كە لەسەر ژمارە حیسابی نەجمەدین كەریم بووە بگەرێنێتەوە.
عەلی حەمە سالح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارت بەپارەی كەركوك كە لەسەر ژمارە حیسابی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوو بوە رایگەیاند" دوای ئەوەی سەرجەم نوسراوەكانمان ئاراستەی دەستەی نەزاهەی عیراق كرد، بانكی ناوەندی عێراق قسەی لەگەڵا بانكی كوردستان كردوە كە ئەگەر ئەم پارەیەی كەركوك كە هی ئەو بەلێندەرە كوردانەن تاوەكو ساڵی 2013 پرۆژەیان جێبەجێ كردوە و پارەكەیان پێ نەدراوە و بری پارەكەشیان 50 ملیار دینارە" .
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتیشی "هەموو بەڵگەكانمان داوە بەدەستەی نەزاهەی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڵگەمان هەیە كە پارەكە هەیە و چەكی بانكیمان هەیە كە واژۆی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی لەسەرە بۆ ئەو پارەیە".
عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشكرد، " لەلایەن سەرۆكی دەستەی نەزاهەوە پەیوەندی پێوەكراوە بەوەی بانكی كوردستان بەڵێنی داوە بەبانكی ناوەندی عێراق پارەی كەركوك كە زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلارە بگەرێنێتەوە، بەمەش دەردەكەوێ بەڵی پارێزگار دەسەڵاتی هەبووە و ژمارەی بانكیشی هەبووە".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لەكۆتایدا دەڵێت "كێشەی گەورەی ئەم وڵاتە بانكی كوردستانە و دەیان پرۆژە هەیە بەدیكۆمێنت لامانە لە100 ملیۆنی وەزارەتی كشتوكاڵ و 20 ملیۆنی كەمپی زانكۆی سەلاحەدین و 5 ملیۆنی كەمپی زانكۆی سلێمانی دەیان رێگا و بان پارەكەی چۆتە بانكی كوردستان كەچی ئامادە نیە ئەو پارەیە خەرج بكات و بووە بەحكومەت، لەئالوگۆری دراویش هیچ چاودێریەك نییە لەسەری و لە 2007ەوەش پارەی نەوت دەچێتە بانكی كوردستان بەبێ ئەوی وردبینی لەیەك وەرەقەش بكرێ".