لیژنەیەکی دیکەی وردبینی گەیشتە سلێمانی

وەفدێكی حكومەتی عیراق بەمەبەستی وردبینیكردن لە موچەی فەرمانبەران گەیشتە سلێمانی و وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری موچەش دەڵێت "لە دوو هەفتەدا کارەکانیان تەواو دەکەن".

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "بەمەبەستی چۆنیەتی بەڕێكردنی ئیشوكارەكانی ئەو وەفدەی وردبینی بەغدا، سبەینێ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ فەرمانگەكان و لیژنەكە بەڕێوەدەچێت".

پارێزگاری سلێمانی، وتیشی "فەرمانگەكان هاوكاری تەواوی وەفدەكە دەكەن، بەڵام هیوادارین ئەم وردبینییە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان بڕوات، نەك وەك ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بێت كە راگرتنی گەشتی فرۆكەخانەكانی بۆ سێ مانگی دیكە درێژكردەوە".

هاوکات سەمیر هەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری موچە رایگەیاند: ئەو تیمەی ئەمڕۆ سەردانی سلێمانیان كردووە، دووەم تیمن كە بێنە هەرێم، پێشتر تیمێكی 33 كەسی سەردانی هەولێری كردو كارەكانیان بەباشی بەڕێوەبرد، ئەم تیمەی سەردانی سلێمانیان كردووە، لە 22 كەس پێكهاتوون و سەرجەم فەرمانگەكان راسپێردراون هاوكاری تەواویان بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو كاری ئەو لیژنەیە، پێداچوونەوەیە بە لیستی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەكان، جگە لە پەروەردەو تەندروستی، كە پێشتر وردبینیان تێدا كراوە و وتیشی "تیمەكە سەردانی هەڵەبجەش دەكات، پاشان دەچێتە دهۆك و ماوەی 13 رۆژیش لەكارەكانیان بەردەوام دەبن".




PM:08:00:26/02/2018