نوسینگەی‌ عەبادی‌ لەبارەی پشكی‌ كورد لەبودجەدا دوایین زانیاری ئاشكرادەكات

نوسینگەی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق ئەو هەموارو گۆڕانكاریانەی‌ حكومەت ئاشكرادەكات كە لەپڕۆژەیاسای‌ بودجەدا كراوە ڕایدەگەیەنێت "پشكی‌ كورد پەیوەستكراوە بە سەرژمێریی دانیشتوان لەهەرێمی‌ كوردستان".

سەعد حەدیسی‌، وتەبێژی‌ نوسینگەی‌ حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق لەلێدوانێكدا بۆ میدیا‌ عیراقیەكان ڕایگەیاندوە، "لەهەموارەكەی‌ ئەمدواییەی‌ پڕۆژەیاسای‌ بودجەدا، پشكی‌ كوردستان پەیوەستكراوە بەسەرژمێریی‌ هەرسێ‌ پارێزگاكەی‌ هەرێم".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە لەپڕۆژەكەدا بەهیچ شێوەیەك پشكی‌ هەرێم دیارینەكراوەو تەواوی‌ بابەتەكە پەیوەستكراوە بەسەرژمێری‌ هاوڵاتیانی‌ هەرێم، وتیشی "سەرۆك وەزیران لیژنەیەكی‌ لەوەزارەتی‌ دارایی ڕاسپاردوە بۆ هەمواركرن و گۆڕانكاریی‌ لەبەشێك لەبڕگەو بابەتەكانی‌ پڕۆژەكەدا".

ناوبراو وتیشی "دوای‌ هەمواركردنەوەكە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە، لەئەنجومەنی‌ وەزیران دەنگی‌ لەسەردراوەو دواتر ڕەوانەی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران كراوە، ماوەی‌ سێ‌ هەفتەشە پڕۆژەكە لەئەنجومەنی‌ نوێنەرانە".




AM:10:15:28/02/2018