قوباد تاڵەبانی‌: توانیومانە موچەی‌ 50 هەزار كەس ئاشكرابكەین كە بندیواربون

جێگری سەرۆكی حكومەت ئاشكرایدەكات بەهۆی سیستمی‌ بایۆمەتریەوە توانیویانە موچەی‌ 50 هەزار كەس ئاشكرابكرێت كە بندیواربون، هاوكات لەبارەی ناردنی موچەوە ڕەخنە لەسەرۆك وەزیرانی‌ عیراق دەگرێت.

قوباد تاڵەبانی،‌ جێگری سەرۆكی حكومەت ئاشكرایدەكات، لەمیانی‌ كۆنفرانسێكدا كە تایبەتبوو بەڕاگەیاندنی‌ سیستمی‌ كاركردنی ئەلیكترۆنی لەوەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینەوەی‌ زانستی‌، ڕایگەیاند، "حكومەتی‌ هەرێم لەچەند بوارێكی ئەلیكترۆنیدا پەرەی‌ بەچەند بوارێكی تایبەتداوە لەوانەش بەئەلیكترۆنیكردنی‌ دەروازەكان و بەستنەوەی‌ ئەو سیستمە بەوەزارەتی‌ بازرگانیەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "وەك حكومەتی‌ هەرێم سیستمی‌ بایۆمەتری موچەمان ڕاگەیاند، توانرا میلاك و ژمارەی‌ فەرمانبەران ڕێكبخرێتەوەو توانراویشە لەو ڕێگەیەوە زیاتر لە 50 هەزار كەس ئاشكرابكرێن كە بندیواربون و موچەیان وەرگرتوە".

سەبارەت بەناردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم لەلایەن بەغداوە تاڵەبانی‌ وتی‌ "پێشتر سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق ڕایگەیاند، موچەی فەرمانبەران ڕەوانە دەكەین، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی لەوبارەیەوە نەناوە".

وتیشی "ئەوەش لەكاتێكدایە ئێمە دەرگای‌ هەموو وەزارەتەكانمان بۆ كردونەتەوەو دەستیانكردوە بەوردبینی‌ لەژمارەو میلاكی‌ فەرمانبەران، بەڵام هیچ هەنگاوێكی‌ كرداریی بۆ ناردنی‌ موچە بۆ هەرێم دەرنەبڕیوە".




AM:11:12:28/02/2018