نێچیرڤان بارزانی: دەبێت سەرۆك كۆمار وەك پارێزەری دەستور ڕۆڵی خۆی بگێڕێت

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نێچیرڤان بارزانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و وردەكاری كۆبوونەوەكە ئاشكرادەكات.

ئەمڕۆ 4ی ئازاری 2018، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "پەرلەمانی عیراق یاسای بودجەی پەسەند كرد، بەبێ بەشداری فراكسیۆنە كوردییەكان، سوپاسی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەم، زۆر هەوڵیاندا بۆئەوەی پشكی دادپەروەری هەرێم دەستەبەر بكەن، بەڵام نەیانتوانی".

وتیشی "حكومەتی هەرێم زۆر نیگەرانە لەوەی بەبێ كورد و بەبێ ئەوەی پشكی دادپەروەرانەی هەرێم جێگیر بكرێت پەسەندكرا، جێگەی نیگەرانی ئێمەو هاووڵاتیانی هەرێمیشە، ئەم شێوازو پرەنسیپەی پەیڕەو دەكرا كە هاوبەشی و رێكەوتن بوو، زۆر بەداخەوە بەزۆرینەو كەمینە لەبڕیاری لەو جۆرەدا، تێپەڕێندرا، بەڵام هێشتا بێئومێد نین و پێمانوایە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن".

راشیگەیاند "ئەو پشكەی بۆ هەرێم دیاریكراوە مافەكانی هەرێم بەهیچ جۆرێك دەستەبەرناكات، ناتوانین بەو بوجەیە تەنانەت موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانی هەرێم بدەین، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هەموو حزبەكان كۆدەبینەوە، بۆئەوەی درەبڕینی یەكهەڵوێستی هەموولایەك، ئەو یەكهەڵوێستییەی كورد لەبەغدا نواندی جێگەی ڕێزە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "سەرۆك كۆمار وەك جێبەجێكاری دەستور دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لەچەند رۆژی رابردووشدا سەرۆك كۆماری عیراقیش دیداری هەبووە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان و هەڵوێستی هەبووە".

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: بنەمای دامەزراندنی عیراق لەدوای ساڵی 2003 لەسەر بنەمای شەراكەت بووە، بەپێی دەستووری عیراق پێویستە مافەكانی گەلی عیراق لەسەر ئەو بنەمایە زامن بكرێت و ناكرێت بابەتی زۆرینە و كەمینە رەچاو بكرێت.

وتیشی "بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عیراقیش، دەبێت كاری لەسەر بكرێت و كۆدەنگی كوردی لەسەر هەبێت، دوای قسەكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش بڕیار دەدەین".

سەرۆكی حكومەت باسی لەوەشكرد "هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڕوایان بە بەڵێنەكانی بەغدا هەبوو، حكومەتی هەرێمیش بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی دەستوور، هەموو كارێكی كرد و هەرچی پێمان كرا كردمان، ئێستا جێگەی خۆیەتی گلەیی لەسەرۆك وەزیرانی عیراق بكرێت كە ئەو هەموو بەڵێنانەی دا چییان لێ هات؟، ئێستاش هیوامان هەیە چارەسەری كێشەكان بكرێت و بێ ئومێد نەبووین".

وتیشی "ئەگەر گەیشتمە قەناعەت كە كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكرێت، ئەوە بەڕاشكاوی لەگەڵ خەڵك قسە دەكەین".




PM:02:17:04/03/2018