وەزیری پەروەردە لە بارەی پارەی هاندانەوە زانیاری ئاشكرادەكات

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە نزیكترین كاتدا تەواوی پارەی هاندانی مامۆستایان دابەشدەكرێت و لەبارەی وادەی تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكانیش زانیاری ئاشكرادەكات.

ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئازاری 2018، لەمیانەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی كردنەوەی قوتابخانەی مەریەمانەی بنەڕەتی لە ناحیەی عەنكاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دابەشكردنی پارەی هاندانی مامۆستایان دەستیپێكردووە و پڕۆسەی دابەشكردنەكەش بەردەوام دەبێت تا هەموو مامۆستایان پارەی هاندانەكە وەردەگرن".

وتیشی "لە هەندێ شوێن تائێستا پارەكە دابەشنەكراوە، بۆیە مامۆستایان دڵنیا دەكەینەوە كە لە رۆژانی داهاتوودا پڕۆسەی دابەشكردنی پارەی هاندانی مامۆستایان دەستپێدەكاتەوە و تەواوی پارەكە بەسەر مامۆستایان دابەشدەكرێت".

لەبارەی تاقیكردنەوەكانی پۆلە ناكۆتاكانیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، هەروەك پێشتر بڕیاردراوە كە لە رۆژی 28ی نیسان یەكەم رۆژی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دەبێت بۆ پۆلە ناكۆتاكان و هیچ گۆڕانكارییەك لەوبارەیەوە ناكرێت.

سەبارەت بە تاقیكردنەوەی پۆلەكانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە هەر كارێكی نەخوازراو و گزیكردن، ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەنجامدانی ئەو تاقیكردنەوانە دەستیپێكردووە.
                           




PM:01:13:05/03/2018