پەرلەمانتارانى کورد لە پەرلەمانى کوردستان و عێراق، حکومەتى هەرێمیان سەرپشک کردووە، بەوەى کەچى لەبەرژەوەندى هاوڵاتیان هەرێمدایە ئەوە بکات، ئەویش بەوەى خۆى نەوت بفرۆشێت یان ڕادەستى بەغداى بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانتارانى کورد لە لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکایەتى پەرلەمان و حکومەتى هەرێم و لیژنەکانى دارایى و یاسایى و کشتوکاڵى پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێى پشکى هەرێم لە بودجەى عێراقیان کرد و دواتریش کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیان ئەنجامدا.
سەرەتا ڤالا فەرید، سەرۆکى لیژنەى یاساى لە پەرلەمانى کوردستان وتى "یاساى بودجەى عێراقى ٢٠١٨ پێچەوانەى دەستوورى عێراق و یاسا بەرکارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە کە عێراق ئەندامە تیایدا کە جەخت لەسەر یەکسانى و جیاوازى نەکردن لە نێوان پێکهاتەکاندا دەکاتەوە".
هاوکات عەبدولقادر محەمەد، پەرلەمانتارى کورد لە عێراق وتى "هەموومان بەیەک دەست بڕیار دەدەین بەوەى کە چ هەڵوێستێک بگرینەبەر و چیش لەبەرژەوەندى گەلى کورد بێت ئەو بڕیارە دەدەین".
لەلایەن خۆشیەوە مەسعود حەیدەر وتى "حکومەتى عێراق دەیەوێت فەرزى ئیرادە بکات بەسەر هەرێمدا".
هەروەها وتیشى "گەیشتینە ئەو قەناعەتەى کە حکومەتى هەرێم و تیمى کورد لەبەغدا لە هەماهەنگیدابین بۆ ئەوەى زوڵم لە هەرێم نەکرێت، چونکە ئەو بڕە پارەیەى لەبەغدا بۆ هەرێم دانراوە بەشى موچەى فەرمانبەران ناکرێت بە پاشەکەوتیشەوە".
لەکۆتایشدا عیزەت سابر، پەرلەمانتارى کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئەمڕۆ پەیامێکیان بە حکومەتى هەرێمدا کە چى لەبەرژەوەندى کوردە ئەوە بکات، بەرچاو ڕونیشى بدەن بە خەڵک.