هه‌ردوو فراكسیۆنی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی دوا زانیاریی سه‌باره‌ت به‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئاشكراده‌كەن سه‌ركرده‌یه‌كی حزبی ده‌عوه‌ش ده‌ڵێت "به‌هه‌مان میكانیزمی به‌نداوه‌كان موچه ڕه‌وانه ده‌كه‌ین".
ئه‌مڕۆ 7ی 3ی 2018 له‌نوسینگه‌ی سلێمانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ریه‌ك له‌د.ئه‌مین به‌كر سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامداو ورده‌كاریی داواكاریه‌كی خۆیان بۆ عه‌بادی ئاشكراكرد.
له‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌وانیه‌دا د.ئه‌مین به‌كر سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتی "په‌یامێكمان ئاراسته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كرد‌و پێمانڕاگه‌یاند، ئه‌گه‌ر فریای هه‌رێم نه‌كه‌وێت ئه‌وا ته‌ندروستی و په‌روه‌رده له‌هه‌رێم به‌یه‌كجاری په‌كیانده‌كه‌وێت".
وتیشی "ئێمه له‌گه‌ڵ عه‌بادی و نوێنه‌ری ئه‌و، گفتوگۆمان كردوه‌و جه‌ختمانكردۆته‌وه له‌سه‌ر ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌ت ته‌ندروستی و په‌روه‌رده، به‌ڵام عه‌بادی جه‌ختیكرده‌وه ئه‌و نایه‌وێت ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات، هه‌رێمیش ئه‌وه‌ی قبوڵ نه‌بوو".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمه داوامان له‌عه‌بادی كردوه سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دیاریبكات بۆ ناردنی موچه، ئێمه‌ش به‌رنامه‌ی خۆمانی پێڕاده‌گه‌یه‌نین، كه چۆن و به‌چ میكانیزمێك موچه ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم بكات".
ئه‌وه‌شی وت "دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوو عه‌بادی ئاشكرایكرد كه تاوه‌كو پێش نه‌ورۆز موچه ڕه‌وانه‌ده‌كات، ئێمه‌ش پێشنیازی بۆ ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیه‌وه موچه ڕه‌وانه بكات".
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه عه‌لی عه‌لاق سه‌ركرده له‌حزبی ده‌عوه‌و نزیك له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌ڕۆژنامه‌ی ئاژانسی وتوه:"به‌هه‌مان میكانیزمی ناردنی موچه‌ی به‌نداوه‌كان، موچه ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت".
هاوكات ڕه‌حیم ده‌ڕاجی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاشكرایكردوه، "عه‌بادی له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه ئه‌و موچه‌یه ده‌گه‌یه‌نێته فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم".