پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت راکان سەعید لەگەڵ نوێنەرانی تورکمان و عەرەب سەردانی تورکیا دەکەن و کورد پەراوێز دەخەن.
راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە بەیاننامەیەكدا ئامانجی سەردانەكەی بۆ توركیا راگەیاند، لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەندامانی وەفدەكەی، كە لە هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان پێكهاتوون و هیچ ئەندامێكی كوردی تێدا نییە.
(ئەحمەد عەسكەری) ئەندامی لیستی برایەتی كوردی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، پێكهاتەی كورد لەو سەردانە ئاگادار نییەو پێیاننەوتوین بۆ ئەوەی ئەنداممان لە وەفدەكە بەشداربێت، ناشزانین مەبەستی سەردانەكە چییە.
عەسكەری كە سەرۆكی لێژنەی نەوت و وزەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگا وتی، ئەوە پشتگوێخستن و پلانگێڕییە لە دژی پێكهاتەی كورد.
بەپێی هەواڵێكی كەركوك ناو، لە بەیاننامەكەیدا (راكان سەعید) هیچ ئاماژەیەكی بە نەبونی كورد لە وەفدەكە نەكردوەو جەختیكردۆتەوە كە سەردانەكەیان بۆ توركیا بەمەبەستی گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازاد كراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و ئاوەدانكردنەوەیانە.
هەروەها هاتووە كە سەردانەكەیان لەسەر بانگهێشتێكی سەرۆكایەتی وەزیرانی توركیا بووە.