ژمارەیەک سەربازی تورکیا لە عەفرین کوژران

شەڕوپێکدادانی نێوان شەڕڤانانی یەپەگە لەلایەک و سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی لەلایەکی تر لە عەفرین بەردەوامە و بەوهۆیەوە ٥ سەربازی تری تورکیا کوژراون.

ماڵپەری هەواڵی فورات نیوز لە زاری یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانیویانە لە گوندی کیماری سەر بە ناوچەی شێراوا لە کانتۆنی عەفرین ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە چەک و تەقەمەنی بتەقێننەوە و پێنج سەربازی تورکیاش بکوژن.

ئاماژەی بەوەش کردووە لە گوندەکانی بەراد و کیمار و بایێ لە ناوچەی شێراوا شەڕێکی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و هێزە کوردییەکان لەلایەک و سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی لەلایەکی تر دەستیپێکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو سوپای تورکیا دەستیکردووە بە بۆردومانکردنی گوندەکانی ناوچەی شێراوا و لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەدا ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.

دوای ٥٨ رۆژ لە هێرش و بۆردومانی بەردەوام بۆ سەر کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، ١٨ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا توانی بە یارمەتی سوپای سووریای ئازاد و گروپە هاوپەیمانەکانی بچێتە ناو ناوەندی شاری عەفرین و دەست بەسەر ئەو شارەدا بگرێت.

دوابەدوای ئەوەش بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاند، شەڕی عەفرین چووەتە قۆناغێکی نوێوە و بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان.




PM:06:21:21/03/2018