شاندێکی ئەمریکا سەردانی منبجی کرد

شاندێکی باڵای ئەمریکا سەردانی شاری منبجی کردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو شارە کۆبووەتەوە.

ماڵپەڕی هاوار نیوزی نزیک لە پەیەدە ڕایگەیاند، شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکا بە بەشداری هەریەکە لە جەیمی جێرارد نوێنەری سەربازی و ویلیەم ڕوبیک نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەردانی شاری منبجیان کردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی مەدەنی منبج کۆبوونەتەوە.

سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەل ئەو شاندەی ئەمریکا، ئیبراهیم قەفتان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی منبج بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمریکا تەئکیدیان لە بەردەوامبوون و پشتگیری سەربازی بەڕێوەبەرانی منبج کردووەتەوە و ڕاشیانگەیاندووە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە دەکرێتە سەر ئەو شارە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیدارێکی لەگەڵ سەرنووسەرانی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵو ڕایگەیاندبوو، لەگەل ئەمریکا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە کشانەوەی هێزە کوردییەکان لە منبج.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پلانە نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا تورکیا دەستدەکات بە کێوماڵکردنی شەڕڤانانی یەپەگە و هێزە کوردییەکان لەسەر سنورەکانی.




PM:07:11:22/03/2018