عەبدولستار مەجید: ئەوەی هێرشیان کردە سەرم ناسنامەی ئاسایشی هەولێریان پێ بوو

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "بەڵتەجییەك و ژمارەیەك چەكداری مەدەنی كە ناسنامەی ئاسایشی هەولێریان پێبووە، لەنێو چێشتخانەیەكدا هێرشیان كردۆتە سەریان و بێڕێزییان پێكردوون."

عەبدولستار مەجید روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند " ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٦ ی ئازاری ٢٠١٨ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان سەردانیان کردین و بۆ نانی نیوەڕۆ دەعوەتی ئێمە بوون لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری هەولێر. پاش کەمێک بەڵتەجییەکی شەلاتی بە جنێودان و قسەی ناشیرین خۆی کرد بە ژووردا".

دەشڵێت: "دیاربو ئەوکەسە بە پیلان نێردرابوو تا ئەم شەقاوەیەتییە بەرامبەر ئێمە بکات. هاوکات دوو ئۆتۆمبێلی دیکە لەدرەوە وەستابوون کە چەکیان پێ بوو جلی مەدەنیشیان لەبەردابوو".

مەجید راشیگەیاند كە "پاسەوانەکانی ئێمە و ئەوانەی میوانەکانیشمان دوای کەوتن و توانیان دەستگیری بکەن، بەڵام چەکدارە مەدەنییەکانی بەردەم چێشتخانەکە هاتن و خۆیان بە ئاسایش ناساند و ناسنامەی ئاسایشیان پێشانداین و داوایان کرد ئەو کەسەیان ڕادەست بکرێت تا بیبەن و بەوتەی خۆیان لەسەر ئەو ڕەفتارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن و پاسەوانەکانی ئێمەش ڕادەستیان کردبوون".

وەزیرە پێشووەکەی کۆمەڵ ئەوەشیخستەڕوو كە دواتر لەبارەی ئەو كەسانەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کرد، "بەڵام ناوبراو ڕەتیکردەوە ئەوانە چەکداری ئەوان بوبن و بێ ئاگایی خۆی لە بوونی مەفرەزەیەکی لەوجۆرە دەربڕی!!".

لێپرسراوەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: "بەداخەوە دۆخەکە هێندە لەرزۆک و شپرزە، لەناو پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە شوێنێکی گشتیدا خەڵک جورئەتی ئەوەی هەبێ کە بەناوی ئاسایشەوە هەڵبکوتنە سەر خەڵک و هەڕەشە بکەن و ئارامی شار تێک بدەن و دەزگا ئەمنییەکانیش (بەوتەی خۆیان !!) ئاگادار نەبن".

دەشڵێت: "ئێمە پێمان وایە دوو ئەگەر بۆ ئەم ڕەفتارە میلیشیاییە هەیە، یان ئەوانە سەر بە دزەگا ئەمنیەکانی هەولێرن و بە ئەمری حزب خەریکی تێکدانی دۆخی شار و نانەوەی ئاژاوەن. یان دۆخەکە لەدەستی دەزگا فەرمییەکانی حکومەت دەرچووە و، هەرکامیشیان بێت کارەساتێکی گەورەیە و، حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئەگەر مابێ !) لێی بەرپرسیارە".

عەبدولستار مەجید بەشێوەیەكی دەڵێت: "ڕێگەی چارەسەر ئەمە نیە کە بەڵتەجی بەربدەیتە گیانی خەڵک و دوایی بڵێی ئاگامان لێی نەبووە، بەڵکو مامەڵەیەکی حەکیمانەی دەوێ کە خۆی لە ملدان بۆ داوای خەڵک و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیاندا دەبینێتەوە".

ئەمڕۆ دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە تێیدا كەسێك لەنێو چێشتخانەیەكدا جنێو و قسەی ناشرین بە عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و وەزیری پێشووی كشتوكاڵی هەرێم دەڵێت. 




PM:11:34:26/03/2018