وەزیری پەروەردە وادەی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچە ئاشكرادەكات

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی موچەدا ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا ڕایگەیاند، "بەڵێن دەدەین بە زووترین كات گۆڕانكاری لە سیستمی پاشەكەوتی فەرمانبەراندا بەتایبەتی مامۆستایان بكرێت."

وتیشی "مامۆستا مافی خۆیەتی بە شێوازێكی مەدەنیانە داواكارییەكانی خۆی بكات و ئەم هەفتەیە حكومەتی هەرێم بڕیار لەبارەی پاشەكەوتی موچەوە دەدات."

ناوبراو لەبارەی لێدانی مامۆستایەكی بەتەمەنەوە لەلایەن كەسێك بە جلی مەدەنییەوە ڕایگەیاند "زۆر نیگەرانین و بەڵێن دەدەین پارێزەری مافی ئەو مامۆستایە بین و بەدواداچوونی جدی دەكەین بۆ ئەوەی مافی نەفەوتێت."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ماوەی سێ ڕۆژە خۆپیشاندان و نارەزایی مامۆستایان و فەرمانبەران دژی پاشەكەوتی موچە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.




AM:11:01:27/03/2018