وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، داعش مەترسییەكەی جدییە و نەك لە سوریا بەڵكو لە عێراقیش دەمێنێت و دواشیكرد پێشمەرگە و حكومەتی عێراق هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت.
هێزەر ناورت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا وتی "بەردەوام دەبین لە هەماهەنگیكردنی هێزە عێراقییەكان بۆ دەرهێنانی ڕەگوڕیشەی تیرۆرستانی داعش و وەستاندنیان، بەڵام ئەم كێشەیە بەردەوام دەبێت و ئێمەش بەردەوام چاومان لەسەری دەبێت."
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر پێشمەرگە و حكومەتی عێراق پێكەوە لەنزیكەوە كاربكەن ئەوا سودی بۆ تەواوی هاوڵاتیانی عێراق دەبێت.
مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، گرنگترین و گەورەترین شاری عێراق كە موسڵ بوو لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە لە دەست چەكدارانی داعش كۆنترۆڵكرایەوە، بەڵام هێشتا پاشماوەی چەكدارانی ئەو گروپە ماوە و ناوبەناو هێرش ئەنجام دەدەن.