بەڕێوەبەری پەیجی كەشوهەوای گەرمیان ڕایدەگەیەنێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ 4 بومەلەرزە بە پلەی جیاواز لە سنووری شاری كەلار و خانەقین ڕوویان داوە.
سیروان ساڵەح عەلی، بەڕێوەبەری پەیجی كەشوهەوای گەرمیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، بە بڵاویكردەوە "لە كاتژمێر 3.27 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 28/3/2018 تا كاتژمێر 5.59 خولەكی بەیانی 4 بومەلەرزە بە پلەی جیاواز لە سنووری قەزای كەلار و خانەقین و دەورووبەری ڕوویان داوە".
هەروەها وتی "بومەلەرزەی یەكەم كاتژمێر 3.27 خولەك لە نێوان كەلار و خانەقین ڕووی دا لە بەرزاییەكانی مرواری بە پلەی 4.4 بە پێوەری ڕێختەر لە قووڵایی 14 كیلۆمەتر ژێرزەوی، بومەلەرزەی دووەم كاتژمێر 4.19 خولەك لە نێوان كەلار و خانەقین ڕووی دا بە پلەی 3.7 بە پێوەری ڕێختەر لە قووڵایی 16 كیلۆمەتر ژێرزەوی، بومەلەرزەی سێیەمیش كاتژمێر 4.55 خولەك لەنێوان كەلار و قەسری شیرین ڕووی دا بە پلەی 3.4 بەپێوەری ڕێختەر لە قووڵایی 10 كیلۆمەتر ژێرزەوی و بومەلەرزەی چوارەمیش كاتژمێر 5.59 خولەك لە نزیك شاری كەلار لە گوندی ساڵەح ئاغا ڕووی دا بە پلەی 2.8 بەپێوەری ڕێختەر لە قووڵایی 14 كیلۆمەتر ژێرزەوی ناوچەكە".
هاوكات بەگوێرەی زانیاریەكان لە شاری كەلار بومەلەرزەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەستی پێكراوە، بەڵام زیانی بەدواوە نەبووە.