پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووە و سیستمی نوێی پاشەكەوتی موچەی پەسەندكرد و "سپی"یش زانیاریەكانی ناو كۆبوونەوەكە ئاشكرادەكات.
لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دەستكاری لە پاشەكەوتی موچە سیستمێكی نوێ پەسەندكرا و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كەوتووە نیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری سیستمە نوێیەكە رادەگەیەنێت.
هەر دوێنێ "سپی میدیا" وردەكاری سیستمەكەی بڵاوكردەوە و بەپێی زانیارییەكان، لە سیستمە نوێیەكەدا فەرمانبەران بەپێی پلەكانیان پاشەكەوت لە موچەكانیان دەكرێت بەجۆرێك فەرمانبەری پلە 3 بۆ 10 رێژەی پاشەكەوتەكەیان لە نێوان (10% بۆ 30%) دەبێت، پلە 1بۆ 2 پاشەكەوتی مووچەیان بەڕێژەی لە 40% دەبێت.
هاوكات موچەخۆرانی پلە تایبەت كە وەزیر و پەرلەمانتارەكان دەگرێتەوە رێژەی پاشەكەوتەكەیان وەكو خۆی دەمێنێتەوە لە نێوان 75% بۆ 80% بەڕێوبەر و بەڕێوبەرە گشتییەكان رێژەی پاشەكەوتەكەیان لە 75% كەمدەكرێتەوە بۆ لە 40%
ئەوەش لەكاتێكدایە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی فراوان دژی سیستمی پاشەكەوتی موچە بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندەران دەڵێن كە تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت واز لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان دەهێنن.