"سپی" سیستمی نوێی موچە بۆ مامۆستایان و تەندروستكاران بڵاودەكاتەوە

ئەنجومەنی وەزیران سیستمی نویچی پاشەكەوتی موچەی پەسەندكرد و ڕێژەی پاشەكەوت لە موچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە جیاوازە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند بەگوێرەی ئەو سیستمە نوێیەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كردووە ڕێژەی پاشەكەوتی موچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی جیاوازە و كەمترین ڕێژەی پاشەكەوت لە موچەكانیان دەكرێت.

سەرچاوەكە ئەوەی خستەڕوو كە ڕێژەی پاشەكەوت لە موچەی مامۆستایان لە 0%وە بۆ 20% دەبێت و بەجۆرێك گرێبەستەكان و ئەو موچەخۆرانەی ئەو دوو وەزارەتە موچەیان كەمە هیچ پاشەكەوتێك لە موچەكانیان ناكرێت.

هاوكات بەگوێرەی زانیاریەكانی "سپی میدیا" لە سیستمە نوێیەكەدا موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دیكە كە بەپێی پلەكانیان پاشەكەوت لە موچەكانیان دەكرێت بەجۆرێكە فەرمانبەری  پلە 3 بۆ 10 رێژەی پاشەكەوتەكەیان لە نێوان (10% بۆ 30%) دەبێت، پلە 1بۆ 2 پاشەكەوتی مووچەیان بەڕێژەی لە 40% دەبێت.

ئەوەش زانراوە كە گۆڕانكاری لە سیستمی پاشەكەوتی موچە موچەخۆرانی گرێبەستیش دەگرێتەوە و گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی موچەكانیان دەكرێت.

هاوكات موچەخۆرانی پلە تایبەت كە وەزیر و پەرلەمانتارەكان دەگرێتەوە رێژەی پاشەكەوتەكەیان وەكو خۆی دەمێنێتەوە لە نێوان 75% بۆ 80% بەڕێوبەر و بەڕێوبەرە گشتییەكان رێژەی پاشەكەوتەكەیان لە 75% كەمدەكرێتەوە بۆ لە 40%.

هاوكات بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كەوتووە نیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری سیستمە نوێیەكە رادەگەیەنێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی فراوان دژی سیستمی پاشەكەوتی موچە بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندەران دەڵێن كە تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت واز لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان دەهێنن.



PM:12:22:28/03/2018