مامۆستایانى ناڕازى سلێمانى بڕیارەکەى حکومەت بۆ کەمکردنەوەى پاشەکەوتى موچە ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە متمانەیان بە حکومەت نەماوە.
کەمێک لەمەوبەر مامۆستایانى ناڕازى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند "ئێمە لە ئەنجامى بێمتمانەیی حکومەت لەو چاکسازییانەى لە چەند ساڵى ڕابردوودا لە بوارە جیاوازەکاندا ڕایگەیاندووە بڕوامان بە بەڵێنەکانیان نەماوە".
ئەوەشین خستەڕوو دەستکاریکردنى سیستمى پاشەکەوت بەمشێوەیەى ئەمڕۆ ڕاگەیەنرا "بەتەواوەتى ڕەتدەکەینەوە و داوادەکەین سیستمى پاشەکەوتى موچە بە تەواوى هەڵوەشێندرێتەوە".
مامۆستایانى ناڕازیی سلێمانى ئاماژە بە بەردەوامى ناڕەزایەتییەکانیان دەکەن و داواش لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەن سبەینێ بەشدارى لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کەمکردنەوەى پاشەکەوتى موچەى ڕاگەیاند بەجۆرێک ڕێژەکەى لەنێوان لەسەدا 10 بۆ 20 دەبێت و لە سەروی موچەی 400 هەزارەوە پاشەکەوت دەکرێت.