وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد بەم نزیكانە سیستمی نوێی موچە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و داوای لە وەزارەتەكانیش كرد "لە ماوەی سێ ڕۆژدا لیستی نویی موچە ئامادەبكەن".
ڕێباز حەملان وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری هەولێر ڕایگەیاند "ئەمڕۆ 1ی 4ی 2018 كۆبونەوە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری گەنجینەكانی هەرێم كرا بەمەبەستی دەربازبونی خەڵك و موچەخۆرانی هەرێم لەكێشەی موچە".
وتیشی "بۆ پشتیوانیكردن لەداخوازی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی، بڕیارماندا لەماوەی سێ ڕۆژی داهاتودا لیستی موچە ئامادەبكەین و بۆ ئەو مەبەستەش گەنجینەكانم ڕاسپاردوە لەو ماوەیەدا لیستی موچە ئامادەبكەن".
ڕاشیگەیاند، "گفتوگۆم لەگەڵ وەزیرانی پەروەردەو تەندروستی هەرێم كردوەو بەڵێنم پێداون لەم هەفتەیەدا لیستی موچەكانیان ئامادەدەكەین و دەبێت فەرمانگەكانیش بەپەلە لیستەكانیان ئامادەبكەن".
بەوتەی وەزیری دارایی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەشێك لەو 375 ملیار دینارەی بۆ وەزارەتی دارایی دابینكردوە كە دەبێت مانگانە دابینی بكات، "ئێستاش پارەكە ئامادەیەو چاوەڕێی ئەوەش دەكەین لەگەڵ هاوكارییەكەی ئەمریكا بۆ موچەی بەشێك لەهێزەكانی پێشمەرگەو پارەكەی بەغدا بگاتە دەستمان بۆئەوەی بەزویی دەست بەدابەشكردنی موچە بكەین".
مژدەی ئەوەشیدا، لەپێناو خوێندن و نەفەوتانی ساڵێكی خوێندن و كردنەوەی نەخۆشخانەكان، بەزویی دەست بەدابەشكردنی موچە دەكەن.
ڕێباز حەملان ئەوەشی "لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگەو ناوخۆ قسەمكردوە كە بەئارەزوی خۆیان خشتەی نوێ ئامادەبكەن بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بەجۆرێك ئەو پارەیەی كە تەرخانكراوە بۆیان موچەی ئەوانەیان پێ زیادبكرێت كە پێشتر زۆریان لێبڕاوە وەك یەكەی پاسەوانی و كارمەندانی مەدەنی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ".