بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوای شكاندنی بایكۆتی كرد و و رایدەگەیەنێت "مەترسی هەیە لەسەر فەوتانی ئەمساڵی خوێندن".
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی خوێندەوە و رایگەیاند "ئەمە دوا كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەبێت لە ئەمساڵی خوێندندا، چونكە ئەو ماوەیەی كە بۆ خوێندنی ئەمساڵ ماوەتەوە لە لێواری هێڵی سوورە، بۆیە وەكو ئەركێكی مێژوویی كاتی ئەوە هاتووە بڕیار بدەین و داوا لەمامۆستایان دەكەین بایكۆت بشكێنن و ئەم قۆناغە تێپەڕێنن".
دڵشاد عومەر وتیشی ئەوان پشتگیری داوای مامۆستایان دەكەنو ئەگەر لەماوەی داهاتوو حكومەت بەتەواوی كار نەكات بۆ دەستكاریكردنی موچە، ئەوە ئەوانیش هاوشێوەی مامۆستایان دەست بە "مانگرتن" دەكەن.
دڵشاد عومەر ئەوەشی وت: كە حكومەتی هەرێم بەڵێنیداوە دەستكاری موچەی فەرمانبەرانو مامۆستایان بكات، بڕیاریشە بەم نزیكانە بەپێی سیستەمی نوێی پاشەكەوت، موچە بەسەر فەرمانبەران دابەشبكرێت.