عەبادی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدا

بەهۆی كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانییەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشی لە نێچرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێكی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال، بۆ كۆچی دواییی دلۆڤان ئیدریس بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی كردووە و هاودەردی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و خانەوادەی بارزانی دەربڕی.

هاوكات "عەبادی هیوای خواستووە، خوای گەورە خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی خۆی شاد بكات و ئەمە دوایین كۆستی خانەوادەی بارزانی بێت". لە بەرامبەریشدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی عەبادی كردووە بۆ ئەو پەیوەندییە و پێشكەشكردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمییان.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 2/4/2018، دلۆڤان ئیدریس بارزانی، برای نێچیرڤان بارزانی، كە دوانەن بەهۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی دوایی كرد.



PM:03:17:02/04/2018