مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ عیراق له‌میسر بە دژه‌ كورد ناودەبات

حكومه‌تی‌ عیراق ڤیزای‌ سه‌ردان به‌ژماره‌یه‌ك له‌میوانانی‌ میسری فێستیڤاڵی گەلاوێژ نادات و مەلا بەختیاریش  ده‌ڵێت "باڵیۆزخانه‌ی‌ عیراق له‌قاهیره‌ ژماره‌یه‌ك شۆڤێنی‌ دژه‌ كورد ده‌وامی‌ تێدا ده‌كه‌ن".

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان و سه‌رپه‌رشتیاری‌ 21یه‌مین فێستیڤاڵی‌ گه‌لاوێژ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، "عیراق ڕێگه‌ی‌ به‌ژماره‌یه‌ك له‌میوانه‌كانمان له‌میسر نه‌دا سه‌ردانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بكه‌ن".

مەلا بەختیار وتیشی‌ "ئه‌ندامانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ عیراق له‌میسر خه‌ڵكانێك ده‌وامی‌ تێدا ده‌كه‌ن سه‌رجه‌میان شۆڤێنی‌ و دوژمنی‌ كوردن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و میوانانه‌ی‌ بانگهێشتنامه‌مان ئاراسته‌كردبون، نوێنه‌رایه‌تی‌ عیراق ڤیزای پێنه‌دان، بۆیه‌ نه‌یانتوانی‌ سه‌ردانی‌ سلێمانی‌ بكه‌ن و به‌شداریی فێستیڤاڵه‌كه‌ بكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌میوانه‌كانی‌ فێستیڤاڵیش وتی‌ "له‌هه‌ریه‌ك له‌(میسر، مه‌غریب، ئێران و عیراق) میوانمان هه‌بون، له‌مه‌غریبیش هه‌وڵدرا كێشه‌ بۆ میوانه‌كانمان دروستبكرێت، به‌ڵام توانیمان چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین".




PM:02:00:05/04/2018