بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند سەبارەت بەموچەی مامۆستایان لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆدەبنەوە و هۆشداریشیدا لەنەچونەوەی هەر مامۆستایەك بۆ هۆڵەكانی خوێندن، دەشڵێت "ئیجرائاتەكانمان دەستپێدەكەین".
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەوامی خوێندنگەكان ئاسایی بۆتەوە، بۆ ئەو ماوەیەش كە بایكۆتكراوە هەوڵدەدەین لەهاوینیشدا قەرەبوی خوێندین بكەینەوە تاوەكو زیان بەپرۆسەكە نەگات".
وتیشی "لەبارەی موچەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆدەبینەوە، هاوكات وەك پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەیەكی تایبەت بەخوێندن دادەنێین".
سەبارەت بەو مامۆستایانەش كە تائێستا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردوە بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، "سەرجەم ئەو گروپ و ڕێكخراوانەی پشتیوانیان لەبایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن و ناڕەزاییەكان دەكرد، ئێستا ناڕەزاییەكانیان هەڵپەساردوەو داوای ئاساییبونەوەی پرۆسەكە دەكەن، بۆیە ئێمەش وەكو پەروەردە مافی خۆمانە هەر مامۆستایەك دەوام نەكاتەوە ئیجرائاتی لەگەڵ بكەین و هەر مامۆستایەكیش دەوامنەكات بەنەهاتوو ئەژماردەكرێت و لەموچەكەی دەبڕدرێت".