ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەكات كە بزووتنەوەكەیان لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بە ركابەری سەرەكی خۆی دەزانێت و دەشڵێت "دەنگەكانی خۆمان بەزیادەوە دەهێنینەوە".
د. شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەدەنگی ئەمریكای راگەیاند "هەرچەندە نامەوێت پێشبینی بڵێم، بەڵام ئێمە پێمان وایە بزوتنەوەی گۆڕان دەنگەكانی خۆمان بەزیادەوە دەهێنینەوە، چونكە ئێمە دڵنیاین لە ئاستی هۆشیاری خەڵكی كوردستان و دڵنیان لە چەند ساڵی رابردوو كێ خزمەتی كردوون، كێش پۆستەكانی بەغدای بۆ بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی بەكارهێناوە".
لەبارەی كاریگەری دروست بوونی لیستە نوێیەكانی هەڵبژاردن لەسەر دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان؟ د. شۆڕش حاجی وتی "ئێمە كار لەسەر دەنگەكانی خۆمان دەكەین، خەڵكی كوردستانیش باش دەزانن ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان بوو سەرمەشقی خەباتی مەدەنی و ئەو كەش و هەوایەی كە رەخساوە خەڵكی تر بێت لاسایی ئێمە بكاتەوە و باسی خەباتی مەدەنی بكات، هەروەها ئەوەی خەڵكی تربێت لە هەولێر خۆپیشاندان بكات ئەوە بەری رەنجی سەركەوتووی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە".
شۆڕش حاجی ئەوەشی وت "نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانی كاریان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بۆیە ئەگەر لایەن و كەسێك هەبێت هەڵگری میراتگری نەوشیروان مستەفا بێت بەتەنها بزوتنەوەی گۆڕانە، ئێمە نامانەوێت بچینە ئەو بەرەیە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان سەرمەشقی بەرەی خەڵكی تر بەرەكەی تر كە هی پارتی و یەكێتین بەرەی دەسەڵات و ناشەفافیەتن لە خەڵك و دەنگی خەڵك دەترسن لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان بەرەی خەڵك و دیموكراسی و بڕوابونە بەسندوقەكانی دەنگدان، بۆیە ئەگەر ئێمە حزبەكانی تر وردبكەینەوە ئەوانەی لەدەسەڵاتن پارتی رابەرایەتیان دەكات، هەروەك چۆن ئێمە رابەرایەتی بەرەی خەڵك دەكەین، بۆیە ئەگەر لایەنێك هەبێت بەڕكابەری خۆمانی بزانین بەتەنها پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە ئەوان رابەرایەتی بەرەی دەسەڵات دەكەن و ئێمەش رابەرایەتی بەرەی خەڵك".
سەبارەت بە گرنگی بەشداریكردنی كورد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق؟ د. شۆڕش حاجی وتی "ئەمڕۆ چەقی قورسایی لە عیراقی فیدراڵی كە ئێمە دەنگمان بەو دەستورە داوە بەغدایە، ئەگەر كورد یەك و یەكگرتوو بێت خاوەنی یەك خیتابی سیاسی و نیشتمانی بێت، نەك خیتابی دەسكەوتی مادی و پلە و پۆست بۆ خۆی و بنەماڵە و حزبەكەی، ئەوا عیراق بێ كورد و دروستبونی هەر حكومەتێك بێ كورد ناكامڵن، كورد دەبێت خۆی بسەلمێنێت لە بەغدا بەبەرگێكی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكانی تر بكات".
ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی وت: "ریفراندۆم و رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر سەلماندی كە كورد بەم پەرتەوازەیی و سیاسەتی چەواشەكاریەی كە بۆ موزایەدەی شەخسی و حزبی بەكاردێت بەهیچ ناگات، بەڵكو دەبێت لە بەغدا قورسایی خۆی بسەلمێنێ و بەرگری لەمافە دەستوورییەكانی خۆی بكات، بەڵام ئەگەر بۆ دەسكەوتی شەخسی و حزبی و بنەماڵەیی بچینە بەغدا ئەنجامەكەی ئەوە دەبێت كە بینیمان".
لەوەڵامی پرسیارێكی تری بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی ئەوەی ئایا لەدوای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ پارتی و یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی و لایەنەكانی دیكە دەبنە یەك لیست؟د. شۆڕش حاجی وتی: "هاوپەیمانێتی ئێمە لەگەڵ پارتی و یەكێتی، دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان، هەروەها دەكەوێتە سەر ئەوەی پارتی و یەكێتی چەندە سروشتی خۆیان دەگۆڕن هاوڕا دەبن لەگەڵمان بێنە بەرەی گەلەوە بەرنامەیەكیان هەبێت بۆ جێبەجێ كردنی داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان ئەوكات ئێمە دەرگامان كراوەیە بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكان".
سەبارەت بەوەی چۆن دەنگ و كورسی لەنێوان سێ لایەنه هاوپەیمانەكەی لیستی نیشتمان دابەش دەكەن؟ د.شۆڕش حاجی وتی "ئەو بابەتە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان".
بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو هەڵبژاردنەش لیستە كوردیەكان بە جیا بەشداری دەكەن.