بەشێک لە كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ داوا دەكەن موچەكانیان لەگەڵ كارمەندانی تری وەزارەتەكەیان هاوتا بكرێت و دەڵێن "ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەكیشدا داواكاریەكانمان جێبەجێ نەكرێت ئەوا لە سەرتاسەری كوردستان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین".
ئەو كارمەندانە لە یاداشتێكدا كە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیارەکان کراوە ئاماژە بەوە دەكەن "ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەكیشدا داواكاریەكانمان جێبەجێ نەكرێت ئەوا لە سەرتاسەری كوردستان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و دواتر بایكۆت و مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیەنین".
دەقی راگەیەندراوەكە
یاداشتی نارەزایی كارمەندانی مەدەنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاوتاكردنی موچە و دەرماڵەكانمان
ئێمە وەك كارمەندانی شارستانی وەزارەتی ناوخۆ ماوەی چەند ساڵە بە رێگەی جیا جیای مەدەنی لەهەوڵی هاوتاكردنی دەرماڵەو موچەكانمانین لەگەڵ كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی وەزارەتەكەمان كە بە پێی یاسا ئەو مافەمان پێدراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا سەرەڕای هەموو هەوڵەكان كە بە سوپاسەوە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران هاوكارمان بوون، وەزارەتی دارایی هەرێم یاساكەی جێبەجێ نەكردووە و رەزامەندی لەسەر هاوتاكردنەكە دەرنەبڕیوە.
ئەمە لە كاتێكدایە لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراق موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی هاوتای موچەی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیە و هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە عێراقی فیدراڵ، ئەم هاوتاكردنە لە یاسای ژمارەی ١٨ی ساڵی ٢٠١١ دا هاتووە، هەروەها هاوتاكردنی موچە و دەرماڵەكان لە رێكەوتی ٢٠١٣/٨/٢٦ كە لەماددەی ١٢ی یاسای هەمواركراودا هاتووە و لە ژمارە ٤٢٨٧ی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكراوەتەوە.
بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین لەمە زیاتر كارمەندانی مەدەنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەرگەی هەڵاوێركردن و جیاكارییەكان ناگرن و بەو موچە كەمەی وەریدەگرن ناتوانن دەوام بكەن.
ئێمە وەك نوێنەری فەرمانبەرانی مەدەنی یەكە ئیدارییەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی ئەم یاداشتەوە كە هەموو بەراییەكانی ئەم دۆسیەی هاوپێچە داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەكەین بە پەلە موچە و دەرماڵەكانمان هاوتای كارمەندانی ئاسایشی ناوخۆی وەزارەتەكەمان بكرێت.
ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەكیشدا ئەم داواكاریەمان جێبەجێ نەكرێت ئەوا لە سەرتاسەری كوردستان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و دواتر بایكۆت و مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیەنین.
نوێنەری فەرمانبەرانی مەدەنی یەكە ئیدارییەكانی وەزارەتی ناوخۆ
٢٠١٨/٤/٢٦
وێنەیەك بۆ ...
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
وەزارەتی ناوخۆ
وەزارەتی دارایی
پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە)
ئیدارەكانی (گەرمیان و راپەڕین)