وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان وادەی دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکانى پۆلی ٩ ى بنەڕەتى و ١٢ ى ئامادەیی ئاشکراکرد و رایگەیاند، پۆلی ١٢ی ئامادەی لە ٢٧ی ئەم مانگەو پۆلی نۆیەمی بنەڕەتیش لە ٢٨ی ئەم مانگەوە تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکات.
وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێم لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست"سپی"کەوتووە ڕایگەیاند، ئەمساڵ هاوشێوەی وەک ساڵانى رابردوو تاقیکردنەوەکانى وزارى و نیشتمانى پۆلەکانى دوانزەى ئامادەیی و نۆیەمى بنەڕەتى لە کاتى خۆی و بە پێشکەوتنێکى بەرچاو لە چۆنیەتى تاقیکردنەوەکان و دەفتەرى تاقیکردنەوەکان بەڕێوە دەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تاقیکردنەوەى هەردوو بەشى وێژەیی و زانستى پۆلى ١٢ى ئامادەیی لە ٢٧/٥/٢٠١٨ دەستپێدەکەن و لە ١٣/٦/٢٠١٨ کۆتاییان پێدێت، کە زیاتر لە ١٢٠ هەزار قوتابی لە هەرسێ بەشى زانستى و وێژەیی و پیشەیی تێیدا بەشدارى دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا وەزارەتى پەروەردە ئاشکرایکردووە، تاقیکردنەوەى نیشتمانى پۆلى نۆیەمى بنەڕەتى لە ڕێکەوتى ٢٨/٥/٢٠١٨ دەستپێدەکات و پێش تاقیکردنەوەى پۆلە دوانزەکان کۆتایی پێدێت، کە نزیکەى ١٣٠ هەزار قوتابی تێیدا بەشدارى دەکەن.
جێی ئاماژەیە بەیانی ئەمڕۆ شەممە تاقیکردنەوەى پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێمى کوردستان دەستى پێکرد کە زیاتر لە ملیۆنێک ٢٠٠ هەزار قوتابی بەشداری تێدا دەکەن.